پارێزگاری هەولێر و کونسڵى گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر: جەختیان لە گرنگیی پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانی و فەرهەنگى و کەلتوورییەكان کردەوە
پارێزگاری هەولێر و کونسڵى گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر:
جەختیان لە گرنگیی پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانی و فەرهەنگى و کەلتوورییەكان کردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.3.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى کونسڵخانەى گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و لەلایەن فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارەکەدا، کە شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و جاجى ئیبراهیم گەردى، نوێنەرى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی هەولێر ئامادەى بوو، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانی و فەرهەنگى و کەلتووریەکانى نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە.
پاشان، پارێزگارى هەولێر بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک سەرکونسڵ پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتیی کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارى و هەماهەنگیەکى نیشاند بۆ سەرخستنى کارەکانی.
لە بەرامبەردا سەرکونسڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، وێڕاى بەخێرهێنان، سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە پێشکەشی کونسڵخانەى وڵاتەکەیان کردووە.
دواتر، تیشک خرایە سەر ڕێککەوتنامەى نێوان پارێزگاى هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا لە بەرامبەر جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە، کە لە داوای واژووکردنى زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەى لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو لە هەردوو دەروازەى نێودەوڵەتى ( تەمەرچن - حاجى ئۆمەران ) هەبوونە کۆتاییان پێهاتووە، هەروەها گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ سەردانیکردنى پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران و کۆبوونەوەى لەگەڵ هەرسێ پارێزگارى ( ئازاربایجانى ڕۆژئاوا و کرماشان و سنە ) و بەشداریان لە کۆبوونەوەى فراوانى پارێزگارەکان کرا، کە بڕیارە لە دواى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامبدرێت.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، باس لە ڕەوش و جوڵەى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران کرا، لەوبارەیەشەوە ئاماژە بە کێشەى بارزگانان سەبارەت بە هاوردەکردن و ترانزێدى ئاژەڵى زیندوو کرا، کە بەپێى ڕێککەوتنێکى نێوان بەغدا و تاران ئاستەنگى زۆریان بۆ دروست بووە، بۆ ئەو مەبەستەش کونسڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران جەختى لە چارەسەرکردنى کێشەکە لە زوترین کاتدا کردەوە.
لە کۆتایدا سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، سوپاسى سەردانەکەى پارێزگارى هەولێرى کرد و جەختى لەبەرە و پێشبردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و کونسڵخانەى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و باشترکردنى جم و جۆڵی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان نیشاندا.