قۆناغی دووەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر، دەست بەجێبەجێكردنی كرا

قۆناغی دووەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر، دەست بەجێبەجێكردنی كرا

قۆناغی دووەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر، دەست بەجێبەجێكردنی كرا

لە چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پاكیی ژینگەیی و پاراستنی تەندروستیی گشتی، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر كە لەلایەن كۆمپانیای ئاوزانەوە جێبەجێ دەكرێت، دەستكرا بە جێبەجێكردنی.
- ئەم پڕۆژەیە بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار، لە ماوەی 60 ڕۆژی سەرەتای دەستبەكاربوونیدا گەیشتووەتە ڕێژەی پێشكەوتنی 2%، بەبێ ئەوەی هیچ دواكەوتنێك لە پلانەكەیدا ڕوو بدات.
- پڕۆژەكە پلانێكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی ئاوی قورسی شاری هەولێر جێبەجێ دەكات، لە كۆتاییدا توانای پاككردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێكدا دەبێت و لەسەر ڕووبەری 225 دۆنم زەوی لە نزیك گوندی عەرەب كەند لە ڕۆژئاوای شارەكە بنیات دەنرێت.
- ئەم پڕۆژە گەورەیە چوار قۆناغ لەخۆ دەگرێت، ئێستە تەنیا قۆناغی دووەمی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
- قۆناغی دووەم لەسەر ڕووبەری 56 دۆنم زەوی بنیات دەنرێت و توانای چارەسەركردنی 210 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە ڕۆژێكدا.
- ئەو پڕۆژەیە بە بودجەی 579 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و ماوەی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی سەرجەم كارەكانی 730 ڕۆژە. گرێبەستی كارەكە لە 25 ی شوباتی 2026 واژوو كراوە، كارەكانی دەستبەكاربوون و ڕادەستكردنی شوێنی كارەكە لە یەكی نیسانی 2026 ئەنجام دراون.
- بڕیارە بەپێی نەخشەڕێگەكە لە یەكی نیسانی 2028 پڕۆژەكە بە تەواوی كۆتایی بێت، بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی ژمارە 1 ی مانگی ئایاری 2026، تێكڕای كاتی تێپەڕبوو گەیشتووەتە 8.2%، ئەویش هاوتایە بە 60 ڕۆژ و هێشتا 670 ڕۆژ لە ماوەی پڕۆژەكە ماوە بۆ كاركردن.
- ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، یەكەمیان بریتییە لە دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوی قورس. دووەمیشیان ڕاكێشانی بۆڕیی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوەڕۆیە بۆ وێستگەكە بە درێژیی 21930 مەتر و بە تیرەكانی 2800 ملم و 1500 ملم كە لە شەش دەرچەی ئاوەڕۆی سەر شەقامی 120 مەترییەوە ئاو وەردەگرێت.
- لە ڕووی پێكهاتەوە وێستگەكە 20 بەشی جیاوازی تەكنیكی لەخۆ دەگرێت، وەك هێڵی سەرەكیی گواستنەوە، وێستگەی پەمپكردن، شوێنی بێژەكردن، حەوزی لمی، حەوزەكانی نیشتنی سەرەتایی و كۆتایی، حەوزی هەواگۆڕكێ، شوێنی دژەپەتایی، حەوزی هەرسكردن و بەشەكانی كۆنترۆڵكردنی بۆن.