پەیامی پارێزگاری هەولێر، لە یادی (37)ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
پەیامی پارێزگاری هەولێر، لە یادی (37)ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە سی و حەفتەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی ناسنامە و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوانە گەورەیەی ڕژێمی بەعس دەکەینەوە کە بە چەکی قەدەغەکراو ، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی شەهید کرد و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تا ئێستاش، بە دەست برین و ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن.
ئەو تاوانە، یەکێکی دیکە بوو لە درێژكراوەی زنجیرەی ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلەكەمان بە ئامانجی نەهێڵان و سڕینەوەی نەتەوەی کورد ئەنجامدرا.
لەو یادەدا، جەخت لەوەدەکەینەوە، دەبێت حکومەتی عێراق قوربانیانی ئەم كارەساتە قەرەبوو بكاتەوە و چارەسەری پێویست بۆ بریندارانی بگرێتە ئەستۆیی و بەفەرمیش داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکات، هەموو لایەکیشمان بەیەکەوە کاربکەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و هەر گەل و نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە لە جیهاندا.
سڵاو لە ڕوحی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2025.3.16