لە سەر قەڵای دێرینی هەولێر... مەشخەڵى ئاگری نەورۆز داگیرسێندرا و سەری ساڵی نوێی2725ـی کوردی پیرۆزکرا
لە سەر قەڵای دێرینی هەولێر...
مەشخەڵى ئاگری نەورۆز داگیرسێندرا و سەری ساڵی نوێی2725ـی کوردی پیرۆزکرا
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 2025.3.20، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر و پارێزگاری هەولێر و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و بەرپرسانی لقەکانی 2 و 16ی پارتی و جێگر و یاریدەدەری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی گشتیی و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکان و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان و بەرپرسانی دیکەی حزبی و خانەوەدە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، لە سەر قەڵایی دێرینی هەولێری پایتەختی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا کە لەلایەن پارێزگای هەولێر ڕێکخرابوو مەشخەڵى ئاگری نەورۆز داگیرسێندرا و سەری ساڵی 2725ـی کوردی پیرۆزکرا.
لە ڕێورەسمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان، وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئومێدى خواست نەورۆز و سەرى ساڵی نوێ، ساڵی هاتنەدی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت و ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت و خۆشی و خۆشگوزهرانى و بهختهوهرى بۆ هەموو لایەک.