بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا

ئەمڕۆ شەممە 2025.3.29، بە سەرپەرشتى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندى، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و گەشت و گوزار و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆ و ئاسایشی بازگەکان و بازرگانی و کاروباری ناوخۆی پارێزگا و بەرگری شارستانی و لایەنی دیکەی پەیوەندیدار ئامادەى بوون، پارێزگاری هەولێر دوای خستنەڕووری پلان و ئامادەکارییەکانی پارێزگا لە ڕۆژانی جەژن و دابەشکردنی ئەرک و کارەکان بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستخۆشی لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر و لایەنەکانی دیکەی کرد، کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە ڕێک و پێکی و بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی داڕێژرابوو ئەرکەکانیان جێبەجێکردەوە.

پاشان، سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، بە تایبەتى لە ڕۆژانى جەژن و پشووەکان، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم بنکەکانی ئاسایش و پۆلیسی بە هەماهەنگی شارەوانییەکان ڕاسپارد لە ئامادەباشی دابن لە ماوەی ڕۆژانی پشوو و ڕێگە نەدرێت کەسانێک پشوو وەک دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى.

لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری و قائیمقامیەتەکانی ڕاسپارد، لە ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان بۆ کرانەوەی سەمونخانە و فرن و خواردنگە و چێشتخانەکان میکانزمێکی گونجاو دابرێژن و هەوڵبدرێت لە ڕۆژانی جەژن کراوەبن، هەروەها ئاسایشی بازگەکانی ڕاسپارد بە هەماهەنگی پۆلیسی هاتووچۆ، لە ڕۆژانی جەژن بۆ گەشت و سەیرانی هاڵاتییان ئەوپەڕی ئاسانکاری پێشکەش بە هاوڵاتییان بکەن.

دواتر گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەشێوەیەکى گشتیى كرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کردەوە و لێژنەکانی قائیمقامیەتى ڕاسپارد ئیجرائاتى توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن، و ڕێگە نەدەن کەسانێک جەژنی مانگى پیرۆزی ڕەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بە بازاڕ بکات.

لە کۆتایشدا، لە لایەن ئامادەبووانەوە لە بارەى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بەو بابەتە گفتوگۆکرا و کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی پەیوەستی وەرگرت.