پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکى ڕێکخراوى islamic relief کرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکى ڕێکخراوى islamic relief کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.4.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە شاندێکى ڕێکخراوى islamic relief کرد، کە پێکهاتبوو لە بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخراوەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی نووسینگەى ڕێکخراوى ناوبراو.
لە دیدارەکەدا، کە ناز جەلال، بەڕێوەبەرى EJCCى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوو، شاندى میوان باسیان لە کار و پڕۆژە و چالاکییەکانیان کرد، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە هەماهەنگ و هاوکارى بەردەوامیان هەیە لەگەڵ پارێزگاى هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ستایشی ڕۆڵى پارێزگار و تیمى پارێزگاى هەولێریشیان کرد لە سەرجەم ئەو کارانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوەکەیان بۆ خزمەتکردنى ئاوارە و پەنابەران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامینداوە.
لە بەرامبەردا پارێزگارى هەولێر، پڕۆژە و کارەکانى ڕێکخراوەکەى لە ماوەى ڕابردوو لە هەولێرى پایتەخت بەرز نرخاند، هەروەها دەستخۆشى لێکردن لە بەرامبەر هامەهانگى و هاوبەشیان لەگەڵ پارێزگاى هەولێر و هیواى سەرکەوتنى لە کارەکانیان بۆ خواستن، بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە هەولێر هەموو پاڵپشتى و هاوکارى و هەماهەنگیەکى پارێزگا و تیمى پارێزگاى هەولێرى دووپاتکردەوە و جەختی لە سەر پێکەوەکارکردن لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى ئاوارە و پەنابەرانى کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە.
لە کۆتایدا، شاندى میوان زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پاڵپشتى و هاریکارى ڕێکخراوەکەیان و جەختیان لە کۆمەک و یارمەتییدانى بەردەوامى ئاوارە و پەنابەران لە چوارچێوەى پرۆژەکانیان بە هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کردەوە، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ پێشکش کردنی هاوکاری زیاتر بۆ ئاوارەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر.