پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرانى سەنتەری تەکنەلۆجیاو و راهێنانی ئەوروپی (ETTC)
پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرانى سەنتەری تەکنەلۆجیاو و راهێنانی ئەوروپی (ETTC)
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.4.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە د. دێرک یانکۆسکى، سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرانى سەنتەری تەکنەلۆجیاو و راهێنانی ئەوروپی (ETTC) و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا، کە ناز جەلال، بەڕێوەبەرى EJCC ئامادەى بوو، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى بەخێرهینان، هیواى خواست ئەوکاتەى لە هەولێرى پایتەخت دەمێنەوە بە ئاسوودەیی بەسەرى ببەن، پاشان تیشکى خستەسەر گرنگى کارى رێکخراوەیى لە کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەرى رێکخراوەکانى لە پرسە جیاوازەکان و کارى مەدەنى بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو چالاکیانەى کە (ETTC) لە کوردستان ئەنجامى دەدات جێگەى دەستخۆشى و پێزانینە.
لە بەشێکیترى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى ئەوەى جەختى لە هەموو هەماهەنگییەک و هاریکارى و پشتیوانییەک بۆ سەرخستنى کارەکانیان کردەوە، بە گرنگییەوە باسى لەو چالاکی و خولانە کرد، کە ڕێکخراوى ناوبراو بە هەماهەنگى پارێزگاى هەولێر لەسەر ئاستى جیاجیا ئەنجامیاندەدات، ئومێدى خواست لەگەڵ هاتنى بەڕیزیان بۆ هەولێر، پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانى نێوان پارێزگاى هەولێر و ETTC لە پێناو بە هێزكردن و باشترکردنى تواناکانى ئەندازیاران و فەرمانبەرانى حکومى و بەشداریكردنیان لە ئاوەدانكردنەوەی کوردستان زیاتر بێت.
لەلایەن خۆیەوە، د.دێرک یانکۆسکى، بەناوى خۆى و شاندى یاوەرى زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ پشتیوانى و هاوکارى بەردەوامى ڕێکخراوەکەیان و ئەو پێشوازییەى کە لێیانکرا و جەختى لە بەردەوامى کارەکانیان و بەرە و پیشبردنى زیاترى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کردەوە.