بالیسان ... بەئامادەوونی نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، تاجەگوڵی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانرا
بالیسان ...
بەئامادەوونی نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، تاجەگوڵی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانرا
"یادی 38 ساڵهی كیمیابارانكردنی بالیسان، شێخ وهسان، دەڤەری خۆشناوەتی كرایهوه"
ئهمڕۆ چوارشەممە 2025.4.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، نوێنەری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24سەفینی پارتی و خدر مستەفا، بەرپرسی مەڵبەندی6ی سۆرانی یەکێتی و نوێنەری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و عێراق و قائیمقامى قەزایی شەقڵاوە و بەڕێوەبەرى گشتیی کاروبارى شەهید و ئەنفالکراوان و بەڕێوەبەرى ناحییەکانی بالیسان و سکتان و كهسوكاری شههیدان و قوربانیان و جهماوری ناوچهكه، له مهراسیمێكی شایستەدا له گۆڕستانی شههیدان له ناحییەی بالیسان، یادی 38 ساڵهی كیمیابارانكردنی بالیسان، شێخ وهسان، دەڤەری خۆشناوەتی بەرز ڕاگیرا و تاجە گوڵینەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان و دام و دەزگا فەرمییەکانی حکومەت لە سەر گڵکۆی شەهیدانی ئەو کارەساتە دانرا.
لەمەراسیمەکەدا، ئومێد خۆشناو، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوتەیەکدا، وێڕای گەیاندنی سڵاوی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەم دەڤەرە پارچەیەکی ئازیز و خۆشەویستیە و شایانی ئاوهدانكردنهوه و بایهخپێدانی زیاترە، لەوبارەیەشەوە دڵنیایی بە دانیشتووانی ناوچەکەدا، خزمەتگوزاری زێتر پێشکەشی دەڤەرەکە بکرێت و ئهوهى له توانادابێت بۆ خزمهتكردنی ناوچەکە درێغی لێنەکرێت.
داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و سەرجەم بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە قەرەبوو بکاتەوە.
جێگەى باسە، له 16ـی نیسانی ساڵی 1987 رژێمی بهعسی عێراقی دهڤهری خۆشناوەتی، بالیسان و شێخ وهسانی به چهكی كیمیایی بۆردومانكرد و لەئاکامیدا سهدان هاوڵاتی سڤیل شههید و برینداربوون و ئهمهش تاوانێكی دیكهی رژێمی بهعس بوو له چوارچێوهی ئهو جینۆسایدهی كه دژ به گهلی كوردستان ئهنجامی دا.