پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNDP کرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNDP کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە کەنەدى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNDP و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا، کە کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ و مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و شوكریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ناز جەلال، بەڕێوەبەرى EJCCى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوون، بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNDP، سوپاسی پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ پێشوازیەکەى و پاڵپشتى و هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوامى بەڕێزیانى بۆ ڕێکخراوەکەیان بەرز نرخاند، هەروەها ستایشی ڕۆڵى پارێزگاى هەولێرى کرد لە سەرجەم ئەو کارانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوەکەیان ئەنجامینداوە و کورتەیەکى لەبارەى ئامانجى سەردانەکەیان خستەڕوو.
لە بەرامبەردا پارێزگارى هەولێر، هەوڵ و کارەکانى ڕێکخراوى ناوبراوى بەرز نرخاند و دەستخۆشى لە هامەهانگى و هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و هەموو پاڵپشتى و هاوکارى و هەماهەنگییەکى پارێزگا و تیمى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا بۆ سەرخستنى کار و پڕۆژەکانیان، دواتر گفتوگۆ لە بارەى گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا کرا و تیشک خرایەسەر سەرجەم ئەو رێکار و کار و پڕۆژانەى لەو پێناوەدا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر، لە ڕیگەى داتاشۆوە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر خرایە ڕوو کە گرنگیی زۆری بۆ شاری ھەولێر هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا بۆ بەدواداچوون و بەرچاووڕوونى و داڕشتنى پلان و کارکردن لەسەر پڕۆژەکە لیژنەیەکى هاوبەشى نێوانیان پێکهێنا و جەختیان لە کارکردنى هاوبەش بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە کردەوە.
لە کۆتایدا، شاندى میوان دووبارە سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پاڵپشتى و هاریکارى ڕێکخراوەکەیان و جەختیان لە کۆمەک و یارمەتییدانى بەردەوامى پرۆژەکانیان بە هاوبەشى پارێزگاى هەولێر کردەوە.