پارێزگارى هەولێر، پێشوازیی لە سەرۆکى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى یەکێتى ئەوروپا کرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازیی لە سەرۆکى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى یەکێتى ئەوروپا کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە ئەلبێرت هیتان، سەرۆکى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى یەکێتى ئەوروپا و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا، دۆخى ڕۆژنامەگەرى و کارى میدیایى و ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین و یاساکانى ئەو بوارە لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیى پاراستنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى دیموکراسى کردەوە و بەرەوپێشچوون و کێشەکانى ئەو بوارە لە ناوچەکە بەگشتى خرانە ڕوو و بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کران.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بەوەدا کە فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمەش وایکردووە چەندین کەناڵى گەورە و دەزگاى میدیا زۆر لە کوردستان دورستبێت و بوارى ڕۆژنامەگەرى بە گشتیى لە هەرێمى کوردستاندا پێ بنێتە قۆناخێكی پێشکەوتوو.
هەروەها ڕایگەیاند، کە کارى ڕۆژنامەنووسى تەنها پیشەنییە، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکى کۆمەڵایەتییە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووس بە پابەندبوون بە یاساکانى هەرێمى کوردستان و ئیتیكی کارى ڕۆژنامەگەرى بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەى وێنە بکات و پەیامەکانی بە ڕاستگۆیی بگەێنێت.
لە کۆتاییدا، سەرۆکى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى یەکێتى ئەوروپا، زۆر سوپاسى پێشوازییەکەى پارێزگارى هەولێرى کرد و جەختى لەسەر هەماهەنگى سەندیکاکەیان لەگەڵ سەندیکا و ڕێکخراو و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار بە کارى ڕۆژنامەوانى لە هەرێمى کوردستان کردەوە.