لە هەولێر .. ڕێورەسمى ڕۆژى ئاوی وڵاتى چیک بەڕیوەچوو
لە هەولێر .. ڕێورەسمى ڕۆژى ئاوی وڵاتى چیک بەڕیوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.5.13، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و کارڵ کۆرتانیک، کونسڵى کۆماری چیک له هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرى ئاوی كۆماری چیك و ژمارەیەكی تر لە كۆمپانیاکانى ئاوی ئەو وڵاتە، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، ڕێورەسمێکى تایبەت بە "ڕۆژى ئاوى وڵاتى چیک" بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، هەریەكە لە وەزیری شارەوانی و وەزیری كشتوكاڵ و كونسوڵی وڵاتى چیك وتاریان پێشكەش كرد و تیشكیان خستە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سامانی ئاو و بەرهەمێنانی ئاو لە كوردستان.
ئومێدیشیان خواست ئەم دیدارە کە سەلمێنەرى پتەوى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و وڵاتى چیکە، ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەكانى نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی چیك لە سەرجەم سێكتەرە جیاجیاکاندا.
جێگەى باسە، ئاو فاکتەرێکی بەهێزى ئاشتی و پێکەوە ژیانى نێوان گەلانی جیهانە و بەپێى پرنسیپە جیهانیەکانیش هەموو لایەک دەبێت پابەندبێت بە پاراستنی ئاو و مافی دابینکردنی ئاوی پاک و سازگار بۆ هەمووان و رێگریکردن لە پیسکردنی سەرچاوەکانى و بەکارهێنانی زانستیانەى بۆ گشت بوارەکان.