لە هەولێر ... چلەی ماتەمینی هونەرمەندی شێوەكاری ناوداری كورد " قەرەنی جەمیل" بەڕێوەچوو

لە هەولێر ... چلەی ماتەمینی هونەرمەندی شێوەكاری ناوداری كورد

لە هەولێر ...
چلەی ماتەمینی هونەرمەندی شێوەكاری ناوداری كورد " قەرەنی جەمیل" بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە، 2025.7.23، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی2 و ئاریان صلاح الدین، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و چنار سەعد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندان و نووسەر و شاعیران و هاوڕێ و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە هۆڵی پێشەواى هەولێرى پایتەخت، وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم مەراسیمى چلەی ماتەمینی هونەرمەندی شێوەكاری ناوداری كورد و شارى هەولێر کۆچکردوو" قەرەنی جەمیل"ی لە ژێر ناونیشانی "رۆحی رەنگەكان" سازدا، هوکات هەر لە مەراسیمەکەدا دوو كتێب بە ناونیشانەكانی "لیلە" و "كتێبی قەرەنی جەمیل" بڵاوکرایەوە و بە دیاری پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە مەراسیمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا، وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو، مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندی لە پێشخستنى هونەرى شێوەکاری کوردی بەرز نرخاند و ستایشی خزمەتکردن و شاکارە هونەرییە ناوازەکانی کرد، کە لە ئاستکی باڵایی جیهانی دابوونە، کۆچی دوایی هونەرمەند "قەرەنی جەمیل"یشی بەخەسارەتێکی گەورە لە نێو بزاڤی هونەر و ڕۆشنبیری کوردی بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی لەقەڵەمدا.

قەرەنی جەمیل خەڵكی گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێرە و یەكێكە لە هونەرمەندە ناودارەكانی كورد لە بواری شێوەكاری، لە ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایکبووە، ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ی لە ئیسپانیا تەواوکردووە. یەکەمین پێشانگای تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لەهۆڵی (ئەیوبیە)ی شاری هەولێر کردووەتەوە. بەشداریی زیاتر لە (40) پیشانگای هاوبەشدا کردووە لە (بەغدا، هەولێر، ئیتاڵیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵەندا و پۆڵەندا). لە هەولێر گەلەریی تایبەت بە خۆی هەبووە، كە لە لایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆی دابین كرابوو، پارساڵ لە 9.10.2024 گەلەرییەكە كرایەوە و ژمارەیەك تابلۆ و كارە هونەرییەكانی خۆی تێدا نمایش كردبوو، بەداخەوە لە ڕۆژى 2025.6.3 بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.