هه‌ولێر ... كار دەكرێت بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی "زێت"، بكرێت بە (24) كاتژمێری و هاتووچۆی هاولاتیانیش له رێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌وه بێت
هه‌ولێر ...
كار دەكرێت بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی "زێت"، بكرێت بە (24) كاتژمێری و هاتووچۆی هاولاتیانیش له رێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌وه بێت
ئه‌مرۆ پێجشه‌ممه 2025.9.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی ره‌جب زوبێر حارس، قائیمقامی قەزایی سۆران و غه‌فور ئه‌حمه‌د مه‌لاسوار ، قائیمقامی قەزای میرگەسۆر، پێشوازیی له سیزای دیمرجی، قائیمقامی قەزایی دەرەجیک (رووبارۆک) و شاندێکی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا، قائیمقامی قەزایی دەرەجیک (رووبارۆک)، سڵاو و ڕێزی پارێزگاری پارێزگای هەکاری گەیاند بە پارێزگاری هەولێر و جەختی لە بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەسەردانیکردنی شاری هەولێری پایتەخت.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هه‌ولێر، وێڕای به‌خێرهێنان، رێز و سڵاوی خۆی بۆ والی هەکاری گەیاند و، جەختی لە بەروپێشبردنی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا كرده‌وه .
هەروەها سەبارەت بە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی "زێت" لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا كه دەکەوێتە سنووری ناحییەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر و یەکێکه لە ڕێگا ستراتیژی و گرنگەکانی نێوان هەردوولا، دووپاتیكرده‌وه، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی جەنابی مه‌لامسته‌فا مه‌سعود بارزانی، به‌رده‌وام ڕایسپاردووین لەسه‌ر گرنگی دان به‌و رێگا گرنگه، بۆیه له هه‌نگاوی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ستمان پێكردووە و به‌روه قۆناغی مه‌زنتر هه‌نگاو ده‌نێین.
لەپێناو زیاتر بەرەوپێشبردنی دەروازەكەش، رایگه‌یاند، ئومێد دەكەین هاوڵاتییان وەک دەروازەیەکی سەرەكی هاتووچۆ بەدەروازەی نێودەوڵەتی زێت بكه‌ن و ده‌روازه‌كه رۆژانه به رووی هاوڵاتییان و گه‌شتیاراندا كراوه بێت، بەوشێوەیە دەتوانرێت زیاتر كاریگه‌ری هەبێت لە بەرەوپێشبردنی ئابووری و جووڵه‌ی بازرگانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سه‌قامگیریی زیاتری ناوچه‌كه، هەروەها جەختیی لەوەكردەوە پێویستە لەلایەن هه‌ردوولاوە له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاوڵاتییان كاربكرێت دەروازەكە بكرێت بە (24) كاتژمێر ی و هاتن و چوونی هاولاتیانیش له‌رێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌وه بێت .
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه قائیمقامی قەزای دەرەجیک (رووبارۆک)، سوپاسی پارێزگاری هه‌ولێری كرد، بۆ پێشوازیه‌یەكەی و پاڵپشتی بۆ قسه‌كانییان بەڕێز پارێزگاری هەولێر دوپاتکردەوە و جەختی لە توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولاكردەوە و داواشی كرد سه‌ردانه‌كان زیاتر بكرێن، بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان و په‌ره‌دان به كه‌رتی گەشتیاری و ئابووری و بازرگانیه‌كانی نێوانیان هەردوولا.