پارێزگاری هەولێر ( 62 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستانی پیرۆز کرد
پارێزگاری هەولێر ( 62 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستانی پیرۆز کرد
ئەمڕۆ یەكشەممە 2025.9.28، بە بۆنەی ( 62 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى ئێزگەی دەنگی کوردستانى کرد و لەلایەن عەبدولڕەزاق عەلى، بهرێوهبهری ئێزگە و ژمارەیەک لە کارمەندانەوە پێشوازی لێ کرا.
پارێزگاری هەولێر، وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ( 62 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە کارەکانیان بۆخواستن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئێزگەی دەنگی کوردستان وەك یەكەمین ئێزگەى كوردی شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان و لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی لەپێناو بەرگریکردن لەمافە ڕەواکانی گەلەکەمان ڕۆڵی دیار و بەرچاووی هەبووە و بڵندگۆیی ڕاستەقینەی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بووە و بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و پرنسیپی کاری رۆژنامەوانی کوردستانیانە کاری کردووە.
جهختیشی لەوەكردهوه، كه ئێزگەی دەنگی کوردستان توانیویەتی ببێتە دەنگی هەموو كوردستانیان لەسەرتاسەری جیهان و خزمەتێکی زۆری پرسە نەتەوایی و نیشتیمانییەكان بكات و هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتووتنی زیاتر و سەرفرازی بۆ خواستن.
لەلایەن خۆیانەوە، بهڕێوهبهر و كارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێر یان کرد بۆ سەردانەکەی و، جەختیان لە بەردەوامیدان بە دەستگرتن بە بەها نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆڤانییەکان و ئەو نەهجە ئازاد و شۆڕشگێڕانە و دیموکراسیەدا کردەوە، کە ئەو ئێزگەیەی لە پێناویدا دامەزراوە.