سەرۆكوەزیران "مەسرور بارزانی" ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات

سەرۆكوەزیران

سەرۆكوەزیران "مەسرور بارزانی" ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات

ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەریی ڕیشەیی و درێژمەودای گرفتی كەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، بڕیاریدا بە دروستكردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات، رۆژی یەکشەممەش 28ی ئەیلوولی2025، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خەبات.

پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی (120 هەزار) مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە، زیاتر لە 400 هەزار كەس لە سنووری قەزای خەبات و ناحیەكانی ڕزگاری و تۆبزاوە و كەورگۆسك و 40 گوندی سنوورەكەش تا ساڵی 2050 لێی سوودمەند دەبن.

وێڕای ژمارەیەك خەزان و پێگەی سەرەكیی پڕۆژەكە، درێژی بۆرییەكانی نزیكەی 300 كیلۆمەترە و پێنج كیلۆمەتریش كارەبای لەگەڵدایە، دوای ڕەزامەندیی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەکەی، ئێستا كار لەسەر قۆناغەكانی پرۆسەی تەندەرینگ دەكرێت و بەمزووانە ئەم گەورەپرۆژەیەش لە هەولێر دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.