لە هەولێر ... پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی وەک ڕێزێک لە تەمەنی پڕ بەخشینی خانەنشینان كرایەوە
لە هەولێر ...
پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی وەک ڕێزێک لە تەمەنی پڕ بەخشینی خانەنشینان كرایەوە
ئەمڕۆ چوارەشممە 2025.10.1، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەكی تر لە هونەرمەندان و هونەر دۆستان، لە ڕۆژی جیهانی قاوەدا، وەک ڕێزگرتن لە ئەزموون و تەمەنی پڕ بەخشینی بەساڵاچووان و خانەنشینانی هەولێر، لە باخچەی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر - لە باغی شار ، پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی "بەساڵاچووان گەنجینەی هزر و ئەزموونی ڕاستەقینەن، فەرموون لە ڕۆژی قاوەدا بەیەكەوە دابنیشین" كردەوە، كە لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان فۆتۆ بەسەرپەرشتی شێرزاد ڕەسوڵ فەقێ ڕێكخرابوو.
دوای كردنەوەی پیشانگاكە و بەسەركردنەوەی، كە تێیدا ( 23 ) فۆتۆ ی ( 9 ) فۆتۆگرافەر نمایش كرابوون و تایبەتن بوون بە ئافرەتان و پیاوانی بەساڵاچوو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لەسەرپەرشتیار و ڕێكخەرانی پیشانگاكە، هیوای سەركەوتنی بۆ بەشداربووانی پیشانگاكە خواست و هەوڵەكەیانی بۆ ڕێزگرتن لە ئەزموون و تەمەنی پڕ بەخشینی بەساڵاچووان و خانەنشینان بەرزنرخاند.