لە سەر قەڵاتی هەولێر ... ئێوارە خوانێك بۆ شوێنەوارناسە فەڕەنسیەکان سازكرا

لە سەر قەڵاتی هەولێر ... ئێوارە خوانێك بۆ شوێنەوارناسە فەڕەنسیەکان سازكرا

لە سەر قەڵاتی هەولێر ...
ئێوارە خوانێك بۆ شوێنەوارناسە فەڕەنسیەکان سازكرا

ئەمشەو پێنجشەممە 2025.10.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و یان براێیم، کۆنسڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر و کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور ، لە سەر قەڵای هەولێر، لەلایەن پەیمانگای فەڕەنسی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئێوارە خوانێك وەک ڕێزلێنانێک لەکار و ئەرکەکانیان بۆ تیمێكی شوێنەوارناسانی فەڕەنسی سازكرا.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی تیمی شوێنەوارناسە فەڕەنسیەکانی کرد، کە هاوکار و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر بوونە و، بەژدارییەکی چالاکیان هەبووە لە پڕۆژەی گەڕان و کەندن و پشکنینی شوێنەوارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، و هاوکاریکردنی شوێنەوارناسە فەڕەنسیەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بە گرنگی وەسف کرد.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، وێڕای پشتیوانی بەردەوامی بۆ پڕۆژە فەرەهەنگی و زانستییەکانیان، کە ئامانج لێی پاراستن و نیشاندانەوەی گەنجینە مێژوویی و شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستانە، تیشکی خستە سەر نۆژەنکردنەوەی
قەڵای هەولێر، کە یەکێکە لە نیشانەکانی مێژوویی و کلتووریی هەرێمی کوردستان و وەک یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارە جیهانییەکان نیشانەیەکی بەهێزە لە ناسنامەی مێژوویی و شارستانیەتی هەولێری پایتەخت.

جێگەی باسە، لە بەردەوامی گرنگیدان بە بواری شوێنەوار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵیداوە لە رێگای زانكۆ پێشكەوتووەكانی ئەوروپا چەندین گرێبەستی شوێنەوارپارێزی واژوو بكات بۆ ئەوەی لە بواری هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوە و رووپێوكردنی شوێنەوارەكان بەشێوەیەكی زانستیانە كاربكرێت، یەكێكیش لەوانە گرنگیدانی وڵاتی فەرەنسا بووە بەبواری شوێنەواری هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەساڵانی ڕابردوو چەندین دەزگای شوێنەوار و شوێنەوارناسانانی ئەو وڵاتە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.