پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆکنووس ( مەم ) لادرا و کۆبەرهەمەکانی ناسێنرا
شەقڵاوە..
پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆکنووس ( مەم ) لادرا و کۆبەرهەمەکانی ناسێنرا
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.5.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەسەنتەری قەزایی شەقڵاوە، بەشداربوو لە مەراسیمی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆكنووس و ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی دیار و ناسراوی کورد محەمەد مەولوود ( مەم ).
لە مەراسیمەکەدا، کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی و نووسەران و ڕۆشنبیران ئامادەی بوون، هاوکات لەگەڵ پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکەی، پەرتووکی کۆبەرهەمەکانی ئەو نووسەرە ناسێنرا و بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.
پارێزگاری هەولێر لە گوتەیەکدا، دەستخۆشی لە ئەنجامدەرانی ئەم پڕۆژە فەرهەنگییە کرد و ڕایگەیاند: "ئەرکی ئێمەیە وەک حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، ڕێز لە مێژوو و ماندووبوونی ئەو نووسەر و ئەدیبانە بگرین کە خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردییان کردووە، شاری شەقڵاوەش هەمیشە مەڵبەندی ڕۆشنبیری و پێکەوەژیان بووە."
وتیشی: "ئەمڕۆ کە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەم کەڵەنووسەرە، پەیامێکە بۆ نەوەی نوێ کە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و قەزای شەقڵاوە هەمیشە وەفادارن بۆ شکۆمەندانی خۆیان. شەقڵاوە و کۆیە و ڕەواندوز هەمیشە مەڵبەندی ڕۆشنبیری بوونە و پەیژەیەک بوونە بۆ سەرکەوتنی ئەدیبانی وەک مەم، بۆیە دروستکردنی ئەم پەیکەرە وەفایە بۆ ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەی کە بۆی جێهێشتووین. ئێمە لە پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئەم جۆرە کارە ئەدەبی و هونەرییانە چونکە نەتەوەی زیندوو بە زیندووڕاگرتنی ناوی ئەو کەڵە پیاوانەوە دەناسرێتەوە."
جێی ئاماژەیە، چیرۆکنووس محەمەد مەولوود ( مەم ) ئەدیب و ڕۆژنامەنووسێکی دیار و ناسراوی کوردە، لە ساڵی 1927 لە شەقڵاوە لەدایکبووە و لە ساڵی 1987 كۆچی دوایی كردووە هەر لەوێش نێژراوە. سەرەتا بە شیعر دەستی پێکردووە، بەڵام دواتر وەک چیرۆکنووسێکی پێشەنگ دەرکەوت و لە ساڵی 1951 یەکەم چیرۆکی بەناوی "برسێتی بەهێزترە" بڵاوکردەوە. مەم ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە دامەزراندنی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری هەولێر بووە. دروشمی ژیانی ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی بووە، ئێستاش کتێبخانە تایبەتەکەی لە مۆزەخانەی پەروەردەیی هەولێر وەک میراتێکی گرنگ پارێزراوە. دروستكردنی ئەو پەیكەرەش بۆی لە زێدی خۆی لە سەنتەری قەزایی شەقڵاوە وەک وەفایەکە بۆ کار و چالاکییە ئەدەبییەکانی.