هەولێر .... كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی بازاڕی لەنگە بەڕێوەچوو
هەولێر ....
كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی بازاڕی لەنگە بەڕێوەچوو
ئەمرۆ سێشەممە 2026.9.1، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندی، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی، و ئەندامانی دیكەی لیژنەی بەدواداچوون و ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان، لە دیوانی پارێزگا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چڕی ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان و ناوچە جیاجیاكانی هەولێری پایتەخت و بە مەبەستی داڕشتنەوەی میکانیزمێكی نوێ بۆ ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی بازاڕی لەنگەی هەولێر،کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، دوای هەڵسەنگاندنی وردی ئەو ڕێکار و ڕێوشوێنانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی و ماڵیی کاسبکاران، بازرگانان و هاووڵاتییان گیرابوونەبەر، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە لیژنەی ناوبرا و كرد و جەختی لەسەر زەروورەتی خێراکردنی تەواوی قۆناغەکان کردەوە كە لەنزیكترین كاتدا دەست بكرێت بە پرۆسەی جێبەجێكردنی ڕیكخستنەوەی بازاڕی لەنگە، بە شێوازێکی سەردەمیانە و مۆدێرن بەپێی ئەو پلانەی داڕێژراوە، بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بژێوی و بەرژەوەندی کاسبکاران و هێشتنەوەی سیمای جوانی هەولێری پایتەختدا دروست بکات.
هەروەها دووپاتیكردنەوە، کە پاراستنی ژیان، کار، گوزەران و کەسابەتی کاسبکاران لە سەرووی هەموو شتێک و لە پێشینەی سەرەکیی کارەکانی حکومەتدایە، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی ئەو هەوڵانە لەپێناو ئەوەیە کە هەولێری پایتەخت، وەک شارێکی سەردەمیانە و مۆدێرن، بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکانی و شوێنەگشتیەكانی بە شێوازێکی شارستانی و سەردەمیانە ڕێکبخرێنەوە.
جێگەباسە، بازاڕی لەنگەی هەولێر یەکێکە لە ناسراوترین و گەورەترین بازاڕە میللیەکان لە شاری هەولێر، کە تایبەتە بە فرۆشتنی کاڵا و شتومەکی دەستی دوو (باڵە) و نوێ بە نرخێکی زۆر گونجاو. ئەم بازاڕە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ کڕینی جلوبەرگ، پێڵاو، کەلوپەلی ناوماڵ، و ئامێری کارەبایی دەژمێردرێت و بە سەدان کاسبکار و دوکانداری تێدا کاردەکات.