هەولێر ... خولێکی زانستی لەسەر زیرەکی دەستکرد و پزیشکی بەڕێوەچوو
هەولێر ...
خولێکی زانستی لەسەر زیرەکی دەستکرد و پزیشکی بەڕێوەچوو
ئەمرۆ سێشەممە 2026.9.1، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، د.ئیدریس محەمەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایان، پسپۆڕانی بواری تەندروستی و تەکنەلۆجیا، و قوتابیانی زانکۆ، خولێکی ڕاهێنان لەژێر دروشمی "زیرەکی دەستکرد و پزیشکی، هاوبەشییەک بۆ ژیان"، لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.
تێیدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ستراتیژی و گرنگی تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد (AI) لە پەرەپێدانی کەرتی پزیشکی، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان، و باشترکردنی شێوازی چارەسەرکردنی نەخۆش و چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی داتای پزیشکی ئاڵۆز و پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی زیرەک بۆ کەمکردنەوەی هەڵەی پزیشکی و خێراکردنی پرۆسەی چارەسەر.
لە کۆتایشدا، ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییە ئەکادیمیانە کردەوە بۆ دروستکردنی پردێکی بەهێز لە نێوان کەرتی تەکنەلۆجیا و ناوەندە تەندروستییەکان.