پارێزگاری هەولێر و جێگری باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق، جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

پارێزگاری هەولێر و جێگری باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق، جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

پارێزگاری هەولێر و جێگری باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق، جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە ئاکی کۆپینن، جێگری باڵیۆزی کۆماری فینلەندا لە عێراق کرد.

لە دیدارەكەدا، جێگری باڵیۆزی کۆماری فینلەندا لە عێراق ، ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێری كرد لە بەرامبەر ئەو ئارامییەی له‌ پایتەختی هەرێمی کوردستان بەرقەرارە و سەرسامی خۆی نیشاندا بە گەشەسەند و ئاوەدانی و گۆڕانكاری خێرای شارەكە. هەروەها تیشکی خستە سەر میکانیزمی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەكەی و جەختی لەوە کردەوە کە فینلەندا خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەوپێش ببات بە تایبەت لەو بوارانەی كە جێگەی بایەخی هەردوولایە.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕاى بەخێرهێنان ئومیدی خواست ئەو ماوەیەی، كە لە هەولێری پایتەختە بە خۆشی بەسەرببات، و تەئکیدی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیەکان و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و کۆماری فینلەندا کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتی فینلەندا، كە ژمارەیەكی زۆریان لەو وڵاتە هەن و بە ئەنجامدانی چالاکیە هونەری و کلتووری و فەرهەنگییەکان کاردەکەن بۆ ناساندنی زیاتری پرسی کورد، ئومێدیشی خواست لە پێناو پتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە گشتیی و ڕۆشنبیری و هونەری و كلتووری و بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و کۆماری فینلەندا، كونسڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێری پایتەخت بكەنەوە.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، تیشك خرایە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ بەگشتى و گفتوگۆیان لەبارەوەكرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، سەرجەم ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانە خستەڕوو کە لە ماوەی ساڵانى ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر سەرباری ئەو قەیران و دۆخە سەختەی دارایی هەبووە ئەنجامدراون، گوتیشی، ئەگەر ئەو زوڵم و ستەمەی بەغدا نەبوایە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، ئەوا هەولێری پایتەخت گەشەسەندووتر و ئاوەدانتر دەبوو.

لە کۆتایدا جێگری باڵیۆزی کۆماری فینلەندا لە عێراق، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ پێشوازییەكەی و ئامادەیی هەموو هاوکارییەک و هەماهەنگیەكی نیشاندا بۆ بەرەو پێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.