لە هەولێر... بەتیرو پشك ( 3 هەزار و 29 ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری قەزایی خەبات و ناحیەی ڕزگاری و قەرەبووی جوتیاران دابەشكرا

لە هەولێر... بەتیرو پشك ( 3 هەزار و 29 ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری قەزایی خەبات و ناحیەی ڕزگاری و قەرەبووی جوتیاران دابەشكرا

لە هەولێر...
بەتیرو پشك ( 3 هەزار و 29 ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری قەزایی خەبات و ناحیەی ڕزگاری و قەرەبووی جوتیاران دابەشكرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.7.8، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى قائیمقامی قەزایی خەبات و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕیوەبەری ناحیەی ڕزگاری، لە ڕێورەسمێکدا بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی ( 2 هەزار 600 ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانى سەربازی و شارستانی لە سنووری قەزایی خەبات و ناحیەی ڕزگاری و ( 429 ) پارچە زەوی قەرەبووی جوتیاران.

سەرەتا وه‌زیری شاره‌وانی، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی‌ كە تیروپشك بۆ دابه‌شكردنی زیاتر له‌ ( 3 هه‌زار ) پارچه‌ زه‌وی له‌ سنووری قه‌زای خه‌بات و ڕزگاری ده‌كرێت و ڕایگه‌یاند: " له‌ درێژه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، بڕیاری لێداوه‌ بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، له‌ سه‌رجه‌م پارێزگه‌ و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان فه‌رمانگه‌كان تا ئێستا كاری زۆر باش كراوە".

گوتیشی، ئه‌مڕۆكه‌ له‌ هه‌نگاوێكی تری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێردا پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی و تیروپشك بۆ فه‌رمانبه‌رانی قه‌زای خه‌بات كرا و پیرۆزبایی له‌ فه‌رمانبه‌رانی سنووری قەزاكە كرد و سوپاسی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌و بڕیاره‌ گرنگه‌ی كە سەرجەم فه‌رمانبه‌ران كه‌ به‌پێی ئه‌و خاڵانه‌ی دانراون ده‌بنه‌ خاوه‌نی زه‌وی.

پاشان پارێزگارى هەولێر، بەناوی پارێزگای هەولێر و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكە سوپاس و پێزانینی ڕێزدار مەسروبارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە لە بڕیارێكی گرنگدا دوای چەندین ساڵ پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستی پێكردەوە، هەورەها سوپاسی وەزیری شارەوانی كرد، كە دوابەدوای فەرمانی جەنابی سەرۆكوەزیران لە نێو نووسینگەی خۆیدا تیمێكی دروستكرد بۆ ئەوەی كە پڕۆسەكە لە زووترین كاتدا دەست پێبكات.

گوتیشی، بەخۆشحاڵییەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكان و تەواوی قائیمقامیەت و یەكە كارگێڕییەكان و سەرجەم شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەریەتی گشتیی كشتوكاڵ، بەیەكەوە هەموو وەك یەك تیم كارەكانیان بە باشی ئەنجامداوە و توانراوە زۆرترین زەوی دابەشبكرێت، كە تائێستا سەرووی لە 60% ئەو فەرمانبەرانەی ناوەكانیان گەڕاوەتەوە سوودمەندبوونە.

جەختیشی لەوە كردەوە كە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاکو سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بەپێی ڕێنماییەکان زەویان وەرنەگرتووە زەوی وەردەگرن.

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.