هەولێر ..... لە ڕێورەسمێكدا یەکەمین ( بەڵێننامەی ژینگەیی ) و پێشکەشکردنی 26 زنجیرە لە بەرنامەیەكی زانستیی ژینگە بەڕێوەچوو
هەولێر .....
لە ڕێورەسمێكدا یەکەمین ( بەڵێننامەی ژینگەیی ) و پێشکەشکردنی 26 زنجیرە لە بەرنامەیەكی زانستیی ژینگە بەڕێوەچوو
ئەمرۆ سێشەممە 2026.9.15، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان و ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی، ژینگەدۆستان، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری زانستی ژینگە و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەری میدیاكان، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرسی پاراستنی سروشت، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە هەماهەنگی ڕێكخراوی ئایندەی بۆ پاراستنی ژینگە و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، لە ڕێورەسمێكدا یەکەمین ( بەڵێننامەی ژینگەیی ) و پێشکەشکردنی 26 زنجیرە لە بەرنامەیەكی زانستیی ژینگە ڕاگەیاند.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن ڕێكخەران و سەرپەرشتیارانی ڕێورەسمەكەوە باس لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو پلانە ستراتیژییە كرا، کە ئامانج لێی داڕشتنی بنەمایەکی پتەوە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، هەروەها تیشک خرایە سەر ناوەڕۆکی ئەو 26 ئاڵقە زانستییەی کە وەک نەخشەڕێگایەکی هاوچەرخ و زانستی ئامادەكراوە و بڕیارە لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پێشکەش بە ڕای گشتی بکرێن.
دواتر پارێزگاری هەولێر، لەوتارێكدا، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێكخەر و سەرپەرشتیاران، ئاماژەی بەوەدا كە پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان تەنها ئەرکێکی حکومی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە لە سەر شانی هەموو تاکێک، جەختیشی كردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هەر دەستپێشخەرییەک کە خزمەت بە گەشەپێدانی بەردەوام و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی ژینگە بکات، هەروەها تەئكیدی لەسەر ڕۆڵی گرنگی میدیا و ڕۆژنامەنووسان کردەوە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ژینگەیی و ڕوونکردنەوەی زانستیی ئەو مەترسییانەی کە بەرۆکی جیهان و ناوچەکەمانی گرتووەتەوە و دووپاتیشی كردەوە کە ئەم 26 زنجیرە بەرنامە زانستییە دەبنە وەرچەرخانێک لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ژینگەیەکی تەندروستتر.
لە كۆتایشدا، کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر زنجیرە بەرنامەكانی ئایندەی ژینگەیی پێشكەشكرا و پاشان پەیماننامەی میدیایی ژینگە لەلایەن نوێنەری دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە واژووكرا.
جیگەی باسە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەولێری پایتەخت لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکاریی ئەرێنی گەورەی لە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جێبەجێکردنی مەرجە ژینگەییەکان بەخۆیەوە بینیوە، و ڕاگەیاندنی ئەم زنجیرە بەرنامەیەش دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ پڕۆژە نیشتمانییەکانی داهاتوو لە پێناو مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پاک بۆ هاووڵاتیان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان.