هەولێر… ئۆفیسی فەرمی کۆمپانیای تورکیش ئەیرلاینز کرایەوە
هەولێر…
ئۆفیسی فەرمی کۆمپانیای تورکیش ئەیرلاینز کرایەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و ئاسانکاری بۆ گەشتیاران، ئۆفیسی فەرمی کۆمپانیای نێودەوڵەتی تورکیش ئەیرلاینز (Turkish Airlines) ئەمشەو، دووشەممە 19.10.2026 لە گەلەری شەقامی گوڵان لە شاری هەولێر بە فەرمی کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئۆفیسەکەدا، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر ئەرمان تۆپچوو نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئابووری و بازرگانییەکان بەشدار بوون.
کردنەوەی ئەم ئۆفیسە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نزیککردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە لە گەشتیاران و ئاسانترکردنی پرۆسەی ڕێکخستنی گەشتەکان، لەگەڵ پێشکەشکردنی زانیاری و ڕێنمایی پێویست سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان.
هەروەها، ئەم هەنگاوە دەتوانێت بەشداری لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار، چالاکترکردنی جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئاسمانییەکانی هەولێر لەگەڵ شار و وڵاتانی جیهاندا بکات.