هەولێر .... نزیكەی ( هەزار و 700 ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکانی گوێڕ و سفەییە دابەش كرا

هەولێر .... نزیكەی ( هەزار و 700 ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکانی گوێڕ و سفەییە دابەش كرا

هەولێر ....
نزیكەی ( هەزار و 700 ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکانی گوێڕ و سفەییە دابەش كرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.10.19، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و بەڕێوەبەرى ناحییەى گوێڕ و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی و سەرۆکی شارەوانی سفەییە، لە ڕێوڕەسمێكدا بە تیروپشك نزیكەی ( هەزار و 700 ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکانی گوێڕ و سفەییە دابەش كرا، كە 178 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سفەییە و هەزار و 62 پارچە زەویش بۆ فەرمانبەرانی گوێڕە، لەگەڵ دابەشکردنی بەشە زەویی قەرەبووی خاوەن مافەکان، کۆی گشتیی زەوییەکان دەگاتە نزیکەی هەزار و 700 پارچە زەوی.

لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگارى هەولێر، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە ئەمڕۆ قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بەتایبەتی بۆ شارەوانییەکانی گوێر و سفەییە بەڕێوەدەچێت، كە تیایدا 1700 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.

هەروەها سوپاسی تیمەکان و فەرمانبەرانی کرد کە شەونخوونیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، رێوڕەسمی تیروپشکەکە بۆ ئەو دوو جێگەیە دڵخۆشییە، یەکەمیان، فەرمانبەران زەوی وەردەگرن و دووەمیشیان، ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان.

هەروەها بەناوی پارێزگای هەولێر و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكەوە، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و دەستبەركردنی مافەكانیان، و تیشكی خستەسەر پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دووپاتیكردەوە كە پڕۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت.

گوتیشی، تا ئێستا لەسنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوون و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەش بە ئەنجامێکی باش و بەڕوونی گەیشتووە، و تەنها لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان لەماوەی ڕابردوو 36 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە و، ئەمرۆش نزیكەی ( هەزار و 700 ) پارچە زەوی دیكە دابەشدەكرێت، بەوەش کۆی گشتیی ئەو زەوییانەی دابەش کراون دەگاتە نزیکەی ( 38 هەزار پارچە زەوی ).

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، هەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و كارمەندێكی ناوخۆ كە ‏هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.