هەولێر ... دەستپێکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی هاوکاری هەولێر–ناشڤیل بۆ پێشخستنی بەڕێوەبردنی ڕێگاوبان و هاتوچۆ بە شێوەی ئۆنلاین
.هەولێر ...
دەستپێکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی هاوکاری هەولێر–ناشڤیل بۆ پێشخستنی بەڕێوەبردنی ڕێگاوبان و هاتوچۆ بە شێوەی ئۆنلاین
لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ، گۆڕینەوەی ئەزموون، پەرەپێدانی تواناکانی پسپۆڕان و بەهێزکردنی هاوکاریی زانستی و تەکنیکی، ئێوارەی یەکشەممە، 1.11.2026 بهئامادهبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئاگرین عەبدوڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، دکتۆر ئیدریس هادی سەرۆکی زانکۆی تیشک و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکومی و رێکخراوەکان، زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک (TIU) لە شاری هەولێر، وەک بەشێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی شارە دەستەخوشکەکانی هەولێر و ناشڤێڵی ویلایەتی تێنەسیی ئەمریکا، ئهنیستیتۆی كۆنكریتی ئهمریكی، میوانداری وەركشۆپ و بەرنامەیەکی ڕاهێنانی تایبەتی هایبرید کرد.
ئەم بەرنامەیە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو شارو بە چاودێریی بەشی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی تیشک بەڕێوەچوو و ئامانجی گواستنەوەی ئەزموون و زانیارییە نێودەوڵەتییەکانە لە بواری بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی گواستنەوە و هاتوچۆ، پەرەپێدانی ژێرخانی شار و بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی هاتوچۆ.
لە میانی بەرنامەکەدا، چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان، شێوازە نوێ و پێشکەوتووەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، کەمکردنەوەی تێچووی زیادە، پاراستنی سەلامەتی کرێکاران و شۆفێران لە ناوچەکانی کارکردن، هەروەها بەکارهێنانی سیستەمە مۆدێرنەکان بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕووداوەکانی هاتوچۆ، تاوتوێ كران .
شایهنی باسه، بەرنامەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پسپۆڕانی ئەمریکی بۆ ئەندازیاران و کارمەندانی کەرتی حکومی و تایبەت، کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی و ڕاوێژکاری، هەروەها مامۆستایان و قوتابیانی بواری ئەندازیاری، بە مەبەستی بەستنەوەی زانیاریی ئەکادیمی بە ئەزموونی کرداری و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.