هەولێر، یەکەمین دیداری شێخی شاعیران حەسیب قەرەداخی

هەولێر، یەکەمین دیداری شێخی شاعیران حەسیب قەرەداخی

چوارشەمە 2021.11.24، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سالار عوسمان، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى حزبی و حکومى و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران، لەهۆڵى پێشەوا لە ناو وەزارەتی ڕۆشنبیری، ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ یەکەمین ڕێورەسمى دیداری شێخی شاعیران حەسیب قەرەداخی ئەنجامدا.
پارێزگارى هەولێر لەوتارێکدا، وێڕاى دەستخۆشى لە ڕێکخراوى ناوبراو بۆ ئەنجامدانى ئەو دیدارە، تەئکیدى لەوەکردەوە کە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بە شانازییەوە لە ئەنجمدانى ئەمجۆرە دیدارانە و ڕێزگرتن و وەفادارى بەرامبەر بەو زاتانەى کە ژیانى خۆیان پێشکەش بە ئازادى کوردستان کردوو و بۆ هەتایە لە زاکیرەمان ماونەتەوە و هەموو ئەو ڕۆشنبیر و ڕۆشەنفکرانى بە ووشە و قەڵەمەکانیان خزمەتى کوردستانیان کردووە هەمیشە پێشەنگ بووە و هەر بە پێشەنگیش دەمێنێتەوە.
پاشان جگە لە ناساندنی (فەرهەنگی خەمی خەڵک و خاک)ى حەسیب قەرەداخى و پێشکەشکردنی پوختەی دوو توێژینەوەی ئەدەبی و فیلمێکی دۆکیۆمێنتەری و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لەژمارەیەک ئەدیب و نووسەر و هونەرمەند و سازکردنى کۆنسێرتێکی هونەرمەند دیاری قەرەداخی، ڕێورەسمەکە بە کۆتا هات.