یەکەمین پێشانگاى زێڕ لەشارى هەولێر کرایەوە

یەکەمین پێشانگاى زێڕ لەشارى هەولێر کرایەوە

پینجشەمە 2021.11.25، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان و وەزیرى کاروبارى پێکهاتەکان و بریکارى وەزارەتى بازرگانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرکونسڵى گشتى وڵاتى تورکیا و ژمارەیەکى دیکە لە پەرلەمانتارانى ئەو وڵاتە و بازرگانان، یەکەمین پێشانگاى زێڕ لەشارى هەولێر کرایەوە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنانى ئامادەبووان و دەستخۆشى لە ڕێکخەران و بەشداربووانى پێشانگاکە، ڕایگەیاند: "کردنەوەى ئەمجۆرە پیشانگایانە لە وڵاتانى جیهان خۆى لە خۆیدا نیشاندانى پێشوەچوونى بەرچاووى گەشەى ئابوورییە، بەهیواى ئەوەین کردنەوەى ئەم پێشانگایە ببێتە بەشێکى گرنگ لە پەرەپێدان و پێشەوەچوونى کەرتى بازرگانى و بەرزبوونەوەى ئاستى ئابوورى کوردستان و لێى سوودمەندبین".
پارێزگارى هەولێر هەروەها ووتى: "کارنامەى حکومەتى هەرێم، بەتایبەتى تێڕوانینى جەنابی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانى، بەردەوام هەمچەشنکردنى ئابوورى و سەرچاوەکانى ئابوورى بووە لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو کات ڕایسپاردووین پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین لەگەڵ وڵاتانى درواسێ، لێرەشەوە دووپاتى ئەوە دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان خوازیارى بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە بازرگانییەکانیەتى لەگەڵ هەردوو وڵاتى دراوسێ تورکیا و ئێران و شارەکانى ترى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق".