پارێزگاری ھەولێر پێشوازی لە پاڵەوانانی تیپی بەرزکردنەوەی قورسایی ھەولێر کرد
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2022.1.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لەدیوانى پارێزگا بە ئامادەبوونى نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند، پێشوازى لە سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەى هەولێر و ڕاھێنەر و کچە یاریزانانى یانەی ھەولێر کرد کە توانیان لە ڕیزی ھەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانیەتى بەرزکردنەوەى قورسایی وڵاتانى عەرەبى ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و نازناوى پاڵەوانیەتیەکە بەدەست بهێنن.
لەدیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەى هەولێر و ڕاھێنەر و هەر شەش کچە یاریزانى یانەی ھەولێر کرد کە توانیان لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراق ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و لە پاڵەوانێتی ولاتانی عەرەبى لە شەقڵاوە رۆڵیى گەورەیان گێڕا و توانیان نازناوى پاڵەوانیەتیەکە بەدەست بهێنن. پاشان پارێزگاری ھەولێر بروانامەی ڕێزلێنان و خەڵاتی پارێزگای ھەولێری پێشکەش بەیاریزانان کرد و ئامادەیی ھەموو ھاوکاری و پاڵپشتیەکى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا بۆ یانەى هەولێر و یاریزانان.
جێگەی باسە، پاڵەوانیەتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی بۆ کوڕان و کچان کە لە 25ی 12 تاوەکو 2021.12.31 بە بەشدارى زیاتر لە 250 یاریزان لەسەرئاستى 16 وڵاتى عەرەبى لەناوەندی قەزایی شەقڵاوە بەڕێوەچوو و تێیدا شەش کچە یاریزانانى یانەی ھەولێر وێڕاى پێشکەشکردنى ئاستێکى بەرز توانیان نازناوى پاڵەوانیەتییەکە لەڕیزى هەڵبژاردەى عێراق بەدەستبهێنن.