بەنوێنەرایەتى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پارێزگارى هەولێر سەردانى کونسڵخانەى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیماراتى کرد

بەنوێنەرایەتى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پارێزگارى هەولێر سەردانى کونسڵخانەى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیماراتى کرد

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێ شەممە 2022.1.18، بە نوێنەرایەتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بەمەبەستى گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوخەمى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و گەلى کوردستان بە حکومەت و گەلى ئیمارات سەبارەت بەو کردەوە تیرۆرستییەى کە دوێنێ لە ئەبوزەبى پایتەختى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیمارات ڕوویدا و بەهۆیەوە 3 هاوڵاتى سڤیل گیانیان لەدەستدا و 6 دیکەش برینداربوون، سەردانى کونسڵخانەى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیمارات لەهەولێر کرد و لەلایەن ئەحمەد ئەلزاهرى، کونسڵى گشتیى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیمارات لە هەولێر بەگەرمى پێشوازى لێکرا.
لەدیدارەکەدا، وێڕاى گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوخەمى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى کونسڵى گشتیى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیمارات لە هەولێر بە حکومەت و گەلى ئیمارات سەبارەت بەو کردەوە تیرۆرستییەى کە دوێنێ لە ئەبوزەبى ڕوویدا، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "وەکو حکومەت و گەلى کوردستان پشتیوانى و هاوکاریی حکومەت و گەلى ئیمارات لەبیرناکەین، کردەوە تیرۆرستیەکەى ئەبوزەبى نیگەرانى کردین و ژانەکانى ئێوە بەهى خۆمان دەزانین، لە ئازارەکانى ئێوەدەگەین چونکە بەشێک لە قوربانییەکانى گەلەکەمان قوربانى دەستی تیرۆرستانە، بۆیە دووبارە سەرەخۆشى و هاوخەمى خۆمان دەگەێنین بە حکومەت و گەلى ئیمارات و کەس و کارى قوربانیان و هیواى زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین، ئومێد دەکەین ئەمە دوا ناخۆشیتان بێت".
لەلایەن خۆیەوە کونسڵى گشتیى شانشینى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بى ئیمارات لە هەولێر، زۆر سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگارى هەولێرى کرد بە نوێنەرایەتى بەڕێزان بۆ گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوخەمى بۆ حکومەت و گەلى ئیمارات و ڕایگەیاند: "سوپاس بۆ پەیامى سەرەخۆشى و هاوسۆزى و هاوخەمیتان، ئەمە وادەکات دۆستایەتى و برایەتى نێوان گەلى ئیمارات و گەلى کوردستان پتەوتر بێت".