شاندێکی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری مانگی سوری عێراقی، سەردانی ماڵی ئەو خێزانانەیان کرد کەبەهۆی لافاوەکەی 17ی12 قوربانی گیانیان لێکەوتەوە

شاندێکی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری مانگی سوری عێراقی، سەردانی ماڵی ئەو خێزانانەیان کرد کەبەهۆی لافاوەکەی 17ی12 قوربانی گیانیان لێکەوتەوە

رۆژی دووشەممە 2022.2.14، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، شاندێکی پارێزگای هەولێر کە پێکهاتبوو لە سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری EJCC/ پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرانی ناحیەی دارەتوو و ناحیەی قوشتەپە، بەیاوەری هاوڕێ ئیحسان، بەڕێوەبەری مانگی سووری عیراقی/ لقەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی ماڵی ئەو خێزانانەیان کرد کەبەهۆی لافاوەکەی 17ی12ی 2021 قوربانی گیانیان لێکەوتەوە.
لەسەردانەکەیاندا وێڕای ئەوەی لەنزیکەوە گوێبیستی پێویستی و داواکاریەکانیان بوون، پەیامی بەڕێز پارێزگاری هەولێریان پێڕاگەینرا بەناردنی خانەوادەی خوالێخۆشبووان( ئومێد شامل و دانەر نەبەز) بۆ مەککەی پیرۆز و ئەنجامدانی عەمرە لەڕێگەی کۆمپانیای گەلیاوە، هەروەها بڕی 1,500,000 ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار دیناری عێراقی لەلایەن مانگی سووری عیراقی لقی هەولێر پێشکەش بەهەریەک لەخانەوادەکان کرا.
لەلایەن خۆیانەوە خێزانەکان وێڕای خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانیکردنی شاندەکە، سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد کە هەمیشە لەنزیکەوە و بەپەرۆشییەوە لەسەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆ لەگەڵیان بووە و هەرچی داواکاری و پێداویستیان هەبووە بۆیان دابین کراوە.