والیی دیار بەكر پێشوازی لە شاندی هەرێمی كوردستان كرد

والیی دیار بەكر پێشوازی لە شاندی هەرێمی كوردستان كرد

24/3/2022 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كە لە پیشانگای نێودەڵەتی میزۆپۆتامیا بەشدارە لە دیار بەكر لەلایەن والیی دیار بەكر مونیر كڕاڵ ئۆغڵو پێشوازی لێ كرا.
لەم دیدارەدا كە ئیسماعیل مینە خان بەڕێوەبەری گشتی گەشت وگوزاری هەولێر و د. خەیری وسو بەڕێوەبەری گشتی گەشت وگوزاری دهۆک و دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی ئامادەی بوون ، والیی دیار بەكر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان نیشان دا و دووپاتی كردەوە چەندین پەیوەستەی گرنگ و هاوبەش هەولێر و ئامەد كۆ دەكاتەوە و خاك و ئایین و كولتوور گرنگترینیانن جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە بەپەلە هەموو جۆرە گرفت و تەگەرەكانی بەردەم پێشكەوتنی پەیوەندی نێوان هەردوولا نەمێنێت.
لەلای خۆشیەوە پارێزگاری هەولێر سڵاو و ڕێزی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە والیی دیار بەكر و پیرۆزبایی لێی كرد بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە دووپاتیشی كردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت گرنگیی تایبەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و توركیا دەدەن .
داواشی لێی كرد لە نزیكترین دەرفەت دا سەردانی هەولێر بكات ئاماژەی بەوەش كرد دەرگاكانی هەرێم بەڕووی بازرگان و خاوەن كارانی توركیا كراوەن هیواشی خواست بەزووترین كات گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و دیار بەكر دەست پێ بگات.
هەر لەم دیدارەدا شاندی هەدوولا چەندین دیاریان بەیەكەوە ئاڵوگۆڕ كرد و پاشان ئامانج و ئەنجامی دیدارەكانیان خستەڕوو.