لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێر...

لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێر...

تەنها لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز جگە لە هاوکارى و کۆمەک، زیاتر لە (155)هەزار سەلەى خۆراک بەسەر هەژار و کەمدەرامەتانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دابەشکرا
لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان EJCC/ى پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و خێرخوازانی سنوورى پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا، لەکۆبوونەوەکەدا، بەمەبەستى هاریکاریکردنى زۆرترین ڕێژەی خێزانە هەژارەکان چەندین بڕیاری گرنگ درا، جگە لەهاوکاریکردن و یارمەتیدانى چین و توێژە جیاوازەکانی وەک (خاوەن پێداویستی تایبەت ، خێزانی شەهیدان، مزگەوت، کرێکارانی شارەوانی) کە بەشێوازی جیاواز هاوکاری کران، بەم شێوەیەی خوارەوە:-
یەکەم/ لەڕێگەی کاروباری هاوڵاتیانی پارێزگا، هاوکاری دارایی پێشکەش بە (2200) دووهەزار و دووسەد خێزانی هەژار کراوە کە داواکاریان پێشکەش کردووە.
دووەم/ درووستکردنی دەرفەتی کار بۆ پێنج گەنجی هەژار بەدابینکردنی پێنج ماتۆڕ.
کڕینی چەندین مەکینەی دروومان و هەروەها پێدانی کرێی خانوو بۆ ماوەی شەش مانگ تاوه‌كو ساڵێک بۆ 6 خێزانی هەژار.
دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و دەرمان بۆ (220) دووسەد و بیست نەخۆشی کە تواناى داراییان نەبووە بۆخۆیان دابینی بکەن.
ئەنجامدانی (4) نەشتەرگەری گەورە.
کڕینی پێنج عەرەبانەی کارەبایی و چەندین کاری تری لەم شێوەیە.
سێیەم/ پێشکەشکردنى هاوکاری دارایی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەتەواوی خانەوادەى شەهیدانی شەڕی داعش.
چوارەم/ هاوکاریكردنى دارایی( 200) دوو سەد خێزانی تری شەهیدان لەلایەن کۆمپانیای گەلیاوە.
پێنجەم/ کرینی دوو خانوو بۆ دوماڵی بێ باوک، لەگەل سێ خانوو لە کەمپی ئیماراتی بۆ سێ خیزانی کرێنشین و کەم دەرامەت، جگە لەکڕینی جل وبەرگ بۆ (215) دووسەد و پازدە مندالی بێ باوک، لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی.
شەشەم/ بەئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، ئامادەکردنی خوانی بەربانگ بەشێوەی ڕۆژانە بۆ تەواوی چین و توێژە جیاوازەکان کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی و خێرخوازان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر ئامادەدەکران.
حەفتەم/ تەنها لەو مانگى پیرۆزى ڕەمەزانى ئەمساڵ (155,734) سەد و پەنجاو پێنج هەزار سەلەی خۆراک کە لەلایەن خێرخوازان دابینکرابوو، بەمشێوەیەی خوارەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دابەش کرا:-
1-(28,954) بیست و هەشت هەزار و نۆسەد و پەنجاو چوار سەلەی خۆراک کە لەلایەن کۆمپانیای گەلیاوە دابین کرابوو لە ڕێگەی EJCC/ى پارێزگاى هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی لەناو کۆڵانى گەڕەکە هەژارنشینەکان کە داواکاریان پێشکەش بە پارێزگای هەولێر کردبوو دابەشکرا.
2-( 28,000) بیست و هەشت هەزار سەلەی خۆراکى تر کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتی ئیمارات بۆ ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان دابینکرابوو لەڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دابەشکرا.
3- (40,000) چل هەزار سەلەی خۆراک کە لەلایەن بەڕێز شێخ باز دابینکراوە و دابەشکرا.
4- (40,000) چل هەزار سەلەی خۆراک کە لەلاین گرووپی کۆمپنیاکانی جیهان دابینکرابوو دابەشکرا.
5- (11,780) یازدەهەزار و حەفت سەد و هەشتا سەلەى خۆراک کە لەلایەن مانگی سووری عیراقی دابینکرابوو دابەشکرا.
6-( 7,000) حەفت هەزار سەلەى خۆراک کە لەلایەن خێرخوازان (دەزگای خێرخوازی حاجی یحیی، گرووپی دارین، علی بزاز، کۆمپانیای بارز) دابین کرابوو دابەشکرا.
ئەوە جگە لە هاوکاریکردنى هەژار و کەمدەرامەتان بەشێوە و شێوازى دیکە، لەکۆتاییدا سوپاس بۆ هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەک کە لەومانگە پیرۆزەدا هاوکاری پارێزگاى هەولێر بوون بۆ یارمەتیدانى هەژار و کەمدەرامەتانى سنوورى پارێزگاکەمان، سوپاس و دەستخۆشى بۆ هەموو ئەو خۆبەخش و تیمانەى کە ماندوونەناسانە لەو مانگە پیرۆزە لەخزمەتکردنى هەژاران و کەمدەرامەتان کاریان کرد.