پارێزگارى هەولێر، له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزاری ناشفێڵ کۆبۆوە

پارێزگارى هەولێر، له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزاری ناشفێڵ کۆبۆوە

لەچوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەککگرتووەکانى ئەمریکا، دووشەممە 2022.5.16، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى بەیان سامى عەبدولڕەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا، سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزاری ناشفێڵ کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانى فەرمانگەى ناوبراو کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، باس لەچۆنیەتى پێشخستنى کەرتى گەشت و گوزار و سود وەرگرتن لە ئەزموونى شارى ناشفێڵ کرا کە شارێکى گەشت و گوزارى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە و ساڵانە 16 ملیۆن گەشتیار سەردانى دەکات بۆ زیاتر پێشخستنى کەرتى گەشت و گوزار لە هه‌ولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، پاشان پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر ئەوەى کە هەرێمى کوردستان لە هەر چوار وەرزى ساڵدا بۆ گەشت و گوزار گونجاوە و وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێریش هەموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتەگەڕ بۆ پەرەپێدانى کەرتى گەشت و گوزار و دەمانەوێت بەسود وەرگرتن لە ئەزموونى ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانى دیکە پەرە بەهەمەچەشنکردنى کەرتى گەشت و گوزار بدەین.
جێگەى باسە، سه‌ردانی شاندى پارێزگاى هەولێر بەسەرۆکایەتى بەڕیز ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئەندامیەتى قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ند، سه‌رۆكی شاره‌وانی هەولێر، به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتى ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکی کۆمسیۆنی بوژاندنەوەی قەڵات و ژماره‌یه‌ك خاوەنکار بۆ ویلایەتە یەککرگتووەکانى ئەمریکا، به‌ مه‌به‌ستی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پەیوه‌ندییه‌كان و بەدەستهێنانى دەستکەوتى زۆر و سوود وه‌رگرتنە لە ئه‌زموونی ئه‌م وڵاته‌‌ بۆ زیاتر پێشكه‌وتنی‌ هه‌ولێر. له‌ چوارچێوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌شیدا وابڕایە بەڕێز پارێزگارى هەولێر بەیاوەرى شاندى یاوەرى سه‌ردانی‌ واشنتن بکات و چه‌ندین دیداری‌ گرنگ ئه‌نجام بدات.