بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، ڕێورەسمێک بۆ ناساندنی پەرتووکی "یادەوەرییەکان"ی ئیسماعیل بێشکچی سازکرا
ئێوارەی دووشەممە 2022.5.30، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئیسماعیل بێشکچی، نووسەری گەورەی تورک و دۆستی نزیکی کورد و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەشێک لە رۆژنامەوانان و نووسەران، لەسەنتەری ئاڵا لەڕێورەسمێکدا پەرتووکی "یادەوەرییەکان"ی ئیسماعیل بێشکچی كۆمهڵناسی نێوداری تورك و دۆستی دێرینی كورد کە لە تورکییەوە لەلایەن محەممەد عیزەدین وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی سازکرا.
ئەم پەرتووکە کە ساڵی 2021 بەتورکی بڵاوکراوەتەوە، باس لەزۆر لایەنی تایبەتی ژیانی ئیسماعیل بێشکچی دەکات، ھەر لە ناسینی گەلی کوردەوە، تاوەکو ئەوەی لەسەر پرسی کورد چۆن دوو جار لە زانکۆ دەردەکرێت، زیندان دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێ و سزای ماددی و مەعنەوی دەدرێ، هەروەها سەرجەم پەرتووکەکانی قەدەغە دەکرێن. بێشکچی لەم پەرتووکەدا بە وردی باس لە ژیانی زانستیی خۆی دەکات کە چۆن لەلایەن نەژادپەرستانی تورک بەھۆی ئەوەی بەرگری لە گەلی کورد کردووە، زیاتر لە 100 ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و 17 ساڵیش لە بەندیخانە بووە.
جێگەی باسە، نووسەری گەورەی تورکیا و دۆستی نزیکی کورد (ئیسماعیل بێشکچی) نیو سەدە ژیانی تەرخانکردووە بۆ زانست و حەقیقەت، لە جیهاندا وەک زانایایەکی گەورەی کۆمەڵناسی هەژماردەکرێت. بەرهەمەکانی چەندین لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و 36 کتێبن، کە زۆربەیان لە تورکیادا قەدەغەن.