لەهەولێر، پرۆژەیەکى جیهانى بۆ کۆنترۆڵکردنى زیادبوونى سەگی بێلانە جێبەجێدەکرێت
رۆژی دووشەممە 2022.6.6، بەمەبەستى چۆنیەتى چارەسەرکردنى دیاردەى بڵاوبوونەوەى سەگى بێلانە و کەمکردنەوەیان لەسەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، لەگەڵ نوێنەرانى سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی لەدایک بوونی ئاژەڵ (MAYHEW)ى بەریتانى کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پرۆژەى بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان لەپێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان کرا، کە پڕۆژەیەکى جیهانیە و لەچەندین وڵات جێبەجێکراوە و دەرەنجامى زۆرى هەبووە و بەمنزیکانە لەلایەن سەنتەرى ناوبراو بەهاوکارى پارێزگاى هەولێر پڕۆژەکە لەهەولێر ئەنجامدەدرێت، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، ئامادەیی هەموو ئاسانکارى و هاوکارییەکى بۆ سەنتەرى ناوبرا و ئەنجامدان و سەرکەوتنى پڕۆژەکە نیشاندا.
جێگەى باسە، بڵاوبوونەوەى سەگى بێلانە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان جگە لەوەى دیاردەیەکى ناشارستانییان دروستکردووە، لەڕووى تەندروستیشەوە هەبوونى ئەو ئاژەڵە بێلانانە لە ناوشاردا هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان و مەترسیین بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان بە تایبەتی منداڵان، ئەو مەبەستەش پارێزگاى هەولێر هەموو هەوڵێکى خۆى خستۆتەگەڕ لەپێناو چارەسەرکردنى ئەو دیاردەیە.