بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە دابەشکردنى بەنزین و کوالێتى بەنزین ئەنجامدرا
سەرلەبەیانى رۆژی یەکشەممە 2022.6.26، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە دابەشکردنى بەنزین و کوالێتى بەنزین لەگەڵ شارەزایان و بەڕیوەبەرى تاقیگەى ناوەندى لە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر جەختى لەسەر توندکردنى چاودێریکردنى بەنزینخانەکان کردەوە بەجۆرێک لەخزمەتى هاوڵاتییانى شارى هەولێر بێت و بەهەموو شێوەیەک ڕێگرى بکرێ لەیاریکردن بەکوالێتى بەنزین.
پارێزگارى هەولێر بیرۆکەى خستنەکارى سیستەمى کۆبۆنى خستەڕوو، هاوکات باسى خاڵى لاواز و بەهێزى سیستەمى دیکە وەک تاک و جووت کرا، لەکۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بیرورا لەلایەن ئامادەبووانەوە ڕایان لەسەر ئالوگۆڕکرا، هەربۆ ئەم مەبەستەش پرێس کۆنفارنسێک بۆ سیستەمى نوێى دابەشکردنى بەنزین لەلایەن پارێزگارى هەولێر ئەنجامدرا.