هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ سه ری ساڵ

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ سه ری ساڵ

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بەشداری لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیای رووداو کردو لێرەدا دەقی چاوپێکەتنەکەی وەك خۆی بڵاودەکەینەوە:

رۆژی چوارشەممە 28-12-2022 هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر لە میانی دیداری لە بووڵتەنی نوورۆژ رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی لە دەستەی گەشت و گوزارەوە پێیان دراوە، تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2022، نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار چوونەتە هەولێر….
لەبارەی ئامادەکارییەکان و پێشبینییەکان بۆ سەری ساڵ، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران. شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر رۆژانە دەتوانن 45 هەزار گەشتیار لەخۆ بگرن؛ بۆیە پێشبینی دەکەین بۆ رۆژی سەری ساڵ نزیکەی 60 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراقەوە سەردانی هەولێر بکەن."

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "لە دوو رۆژی رابردوودا تەنیا لە بازگەی شێراوە، جگە لە گرووپەکان، 25 هەزار کەس هاتوونەتە هەولێر."

جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێک ناکات، بەڵام کەرتی تایبەت ئاهەنگیان هەیە. لەبارەی سەری ساڵ و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕیش گوتی: "لیژنەکانی قایمقامیەت بۆ چاودێریکردنی بازاڕ لە کارەکانیان بەردەوامن. ئەم چەند رۆژە لە پارێزگای هەولێر کۆبووینەتەوە و پلانی دیاریکراومان داڕشتووە بۆ چاودێریکردنی نرخ، نەک تەنیا نرخی خۆراک، بەڵکو نرخی گواستنەوە و هۆتێل و مۆتێلەکان بۆئەوەی بازرگانان بە سوودوەرگرتن لە سەری ساڵ، نرخ بەرزنەکەنەوە. بۆیە هەر زێدەڕۆییەک لە نرخ ئاسایی نەبێت، رێکاری پێویست بەرامبەر کەسی سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر."

هێمن قادر گوتیشی، پلانی ئەمنی تایبەت داڕێژراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاونیشتمانییان و گەشتیاران و ئاسانکاریش لە بازگەکان دەکرێت تا گەشتیاران بە ئاسانترین شێوە بێنە نێو هەولێر و رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکانیش راسپێردراون لە شوێنە قەرەباڵخەکان مامەڵەیەکی نەرم لەگەڵ خەڵکی بکەن و رێگریش لە هەر پشێوییەک بکەن کە دۆخی ئەمنی تێکبدات یان میوانانی هەولێر بێزار بکرێن."

لەبارەی تەقاندنی یاریی ئاگرین لە شەوی سەری ساڵ، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان لەژێر سەرپەرشتی پارێزگا دەبێت و تەقاندنیان لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکانی دیکە قەدەخەیە و پۆلیس راسپێردراوە رێگە بە خراپ بەکارهێنانیان نەدات.

لەبارەی ساڵی 2023 و هەوڵەکانی زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران، هێمن قادر رایگەیاند: "هەولێر وەک پایتەخت پێگەیەکی تایبەتی هەیە و پێشکەوتنی زۆر بەدیهاتووە. پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەین و حکومەتیش کاری کردووە؛ بۆیە چاوەڕوانین کەرتی تایبەت پڕۆژەی زیاتری گەشتیاری لە هەولێر ئەنجامبدات تاوەکو کەرتی گەشتوگوزار لە هەولێر زیاتر پێشبخەین و گەشتیاری زیاتر بهێنینە هەولێر."

لەبارەی هەڵمەتی داخستنی شوێنە "نەشیاوەکان"یش، هێمن قادر گوتی: "شەش مانگی رابردوو رێنماییەکمان دەرکرد و وەزیری ناوخۆ پەسندی کرد تا شوێنە نەشیاوەکان یان ئەو شوێنانەی کە خەڵک بێزار دەکەن، بە تایبەت لە سنووری قەزای عەنکاوە و قەزای ناوەند، رێکدەخرێنەوە و پێداچوونەوە بە مۆڵەتەکانیان دەکرێت، یان ئەو شوێنانەی دەنگ زۆر بەرز دەکەنەوە، زۆریان داخراون و رۆژانە ئەو شوێنانەی سکاڵایان لەسەرە، دادەخرێن. ئەو شوێنانەش کە لایڤ موزیکیان هەیە هەفتانە چەند رۆژێک، رێنمایی تایبەتیان بۆ داندراوە، لە هەر شوێنێک سەرپێچی هەبێت رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر. بۆیە ئەو کێشەیە لە هەولێر کۆنتڕۆڵکراوە."