بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا
بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا
ئەمڕۆ شەممە 2023.12.2، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانى شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە قائیمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و جێگری سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکان و بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری خزمەتگوزار ژینگە پارێزی هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان. پاشان گفتوگۆی لە بارەی بەرنامە و پلان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2024 و پێداچوونەوە بە ئامادەکارییەکان کرا و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدان و باشترکردن و ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی شار و بازاڕ و بازاڕە میللیەکان بە گشتی کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شوستەکان و ئەو شوێن و شەقامانەی کە لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغی زۆریان کەوتۆتەسەر، لەوبارەیەشەوە سەرجەم شارەوانییەکان ڕاسپێردران دەست بکەن بەلادان و هەڵگرتنی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان.
لە کۆتایشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە دوای خستەڕووی ڕا و سەرنج و تێبینی لەبارەی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە خزمەتگوزاریى و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەکان، جەخت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کرایەوە بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی لە سەنتەرى شار و سنوورى سەرجەم قەزا و ناحییە وگوندەکانى پارێزگاى هەولێر.