لە سەرفەرمانی پارێزگاری هەولێر، تیمێکی تایبەتی تەندروستی، چارەسەری هونەرمەند غازی غەفوور دەکەن
ئەمشەو 2023.1.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە مەبەستی هەواڵپرسین و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی تەندروستیی، لە ماڵەکەی خۆیدا سەردانی هونەرمەندی دێرینی شاری هەولێر غازی غەفووری کرد، کە ماوەیەکە باری تەندروستییان ناجێگیرە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
پارێزگاری هەولێر وێرای هیوای زوو چاکبوونەوە و تەندروستییەکی باش بۆ هونەرمەند، دووپاتیکردەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەرچی بەئێمە دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی بەڕێزتان ئەنجامی بدەین، وەک هونەرمەندێی دێرینی شارەکەمان حەقت لەسەرمانە و ئێمە لە هەولێر شانازی بە مێژووی هونەریت دەکەین.
پاشان پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاسپارد، سبەی تیمێکی تایبەتی تەندروستی لە ماڵەوە سەردانی هونەرمەند بکەن و ئەوەی پێویست بێت بۆ چارەسەری ئەنجام بدەن و دواتر بگوازرێتەوە نەخۆشخانە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری بکرێت و هەموو رێ و شوێنێك بۆ چارەسەرکردنی تەندورستی بگیرێتەبەر.