سهرۆكی دهستهی وهبهرهێنان: ساڵی رابردوو 89 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوەتە وەبەرهێنەران
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پاڵ سێکتەرەکانی دیکەدا، گرنگییەکی تەواو بە سێکتەری وەبەرهێنان دەدات. د. محەمەد شوکری سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگهیاند، ئاسانکارییەکی تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەکهن و ساڵی رابردوو 89 مۆڵەتی وەبەرهێنانییان داوەتە وەبەرهێنەران و پلانیان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو 30% بۆ 50% ژمارەی وەبەرهێنان زیادبکەن.
لهبارهی وەبەرهێنان لە ساڵی 2022، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، محهممهد شوكری سهرۆكی دهستهی وهبهرهێنانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ساڵی 2022، ساڵێکی باش بوو لە رووی وەبەرهێنانەوە و لەو ساڵەدا 89 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە، بەراورد بە ساڵی 2021 ژمارەی مۆڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان 15% زیادییان کردووە و ئەوەش هەنگاوێکی باشە و مانای زیادبوونی کاری ئەو پڕۆژانەیە کە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات و لە هەمان کاتدا 429 پڕۆژە لەهەموو هەرێمی کوردستان پەسەند کراون و لەساڵی 2023 مۆڵەتیان پێدەدرێت.
سهبارهت به پلانی ساڵی 2023 و ئەگەری زیادبوونی پڕۆژهكانی وەبەرهێنان، محهممهد شوكری گوتی : "لە ساڵی 2023 تێکڕای پلانەکانی وەبەرهێنانمان گۆڕیوە، واتە پلانی وەبەرهێنانمان بەشبەش کردووە. یەکەمجار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار نەخشەی وەبەرهێنانی تەواوی پڕۆژەکانی گەشتوگوزار دەخەینە دووتوێی نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری، ئەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار دەكرێت. ئەمانە پڕۆژەی تەواون و بێ کێشەن، تەنیا وەبەرهێنەر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مۆڵەتی پێدەدرێت و لە ڕۆتینی فەرمانگەکانی حکومەت دەردەچێت، لە سەروبەندی دروستکردنی نەخشەیەکی وەبەرهێنانی بچووکكراویشین لە بواری کشتوکاڵ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و لە بواری پیشەسازی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی، بێگومان هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی ناوچە پیشەسازییەکان لە 2023 دەچەسپێن و دەستپێدەکرێن، کە ئێستا نزیکەی 8 ناوچەی پیشەسازی ئامادەیە بۆ ئیشکردن، تا بتوانین لە 2023 کاریان لەسەر بکرێت. ئەمانەش هەموو وادەکات قەبارەی وەبەرهێنان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زیاتربێت.
تایبهت به وەبەرهێنەری بیانی له كوردستان سهرۆكی دهستهی وهبهرهێنان دهڵێت: "لە ساڵی 2006 تا ساڵی رابردوو، 45 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بیانیمان هەیە. بەرنامە هەیە بۆ زیادکردنی ئەم رێژەیە، بە رەزامەندیی سەرۆکی وەزیران، یەکەی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دامەزراوە. مەبەستی سەرەکی ئاراستەکردنی وەبەرهێنانە بەرەو هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆمپانیا یان ئەو لایەنانەی ئارەزوو دەکەن لە ناوچەیەکی وەکوو هەرێمی کوردستان کار بکەن".
گوتیشی: "ئێمە بانگهێشتنامەیان بۆ دەنێرین بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتریان پێبدەین، ئەم مەبەستەش چەند کارمەندێک بۆ ئەم یەکەیەی کە دروست بووە دامەزراوە کارمەندی بەتوانا و باشن. هەروەها لۆگۆی هەرێمی کوردستان بەڕەزامەندی سەرۆ وەزیران کە لۆگۆی ئینڤێست کوردستانە، بۆیان دروست کراوە. بە هیواین لە ساڵی ۲٠۲۳ هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەی زێڕین بۆ وەبەرهێنان و پلانی ئەم یەکەیە بگاتە قۆناغێک نووسراو و داواکاری ئاراستەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و لایەن و ڕێکخراوە جیهانییەکان بکات، بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ببینن و کاری تێدا بکەن".