بەئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی یەکەمین لووتکەی
جیهانیی لاوان لە هەولێر بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026،
بەئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە لووتکەکە لە لایەن دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە بە دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" رێکخراوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداریی زیاتر لە 800 لاو و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان و 47 وڵاتی جیهانەوە بەردەوام دەبێت.
لە چوارچێوەی پانێلێکدا ڕێزدار مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، "پێش هەموو شتێک دەبێت گەنج بزانێت وڵات هی کەسێکی دیکە نییە بیدات بە ئەو، بەڵکوو خۆی خاوەنی وڵاتەکەیە و نابێت بیر لەوە بکاتەوە نامۆ یان میوانە." گوتیشی، گەنج دەبێت ڕەگی خۆی لەم خاکەدا دابکوتێت و لە هەمان کاتدا ئەرکی حکوومەتە دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، بۆیە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی دوولایەنەیە.
هەروەها سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، ئاساییە گەنجان بۆ پەرەپێدانی خوێندن بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام "بۆ وەرگرتنی ئەزموون بڕۆن و بگەڕێنەوە، نەک بۆ دوورکەوتنەوە لە وڵات."
سەبارەت بە گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پێویست ناکات کەسێک بە فەرمی پۆستێکی هەبێت تا خزمەتی نیشتمانەکەی بکات، بەڵکوو دەتوانێت بە سەرکەوتن لە کارەکەی و دروستکردنی پەیوەندی یارمەتیی وڵاتەکەی بدات، هاوکات حکوومەتیش بەرنامەی هەیە بۆ گەڕانەوەی گەنجانی تاراوگە تا تێکەڵی کۆمەڵگەکەیان ببن.