بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانى قەزایى عەنکاوە ئەنجامدرا

بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانى قەزایى عەنکاوە ئەنجامدرا



ئەمڕۆ دووشەممە 2023.1.16، بە مەبەستی پتر خزمەتکردنى هاوڵاتییان و گرنیدان بە پڕۆژەکانی پەرەپێدانى پارێزگای هەولێر و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیاتری دیوانى ئەنجومەنى وەزیران بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و قەزا و ناحییەکان، بە سەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن و مەسعود کاڕەش جێگرى پارێزگارى هەولێر و ڕامى نورى، قائیمقامى قەزایى عەنکاوە و بەرپرسانى دیکەى قەزاکە، لە دیوانی قائیمقامیەتى قەزایى عەنکاوە، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێر، تەواوى پاڵپشتی و هاوکاری سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و پارێزگاى هەولێریان بۆ یەکەى کارگێڕى قەزایی عەنکاوە دووپاتکردەوە و تەئکیدیان لە سەر هەموو ئاسانکارییەک و پاڵپشتییەک کردەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى قەزاکە، هەروەها جەخت لەوەکرایەوە کە لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە ئەنجامدانى چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزارى کراوە لە سنوورى قەزایی عەنکاوە، کە لە ئیستادا بەشێک لەو پڕۆژانە تەواو بوون و بەشێکى تریشیان لە تەواوبووندان، بۆ ئەم ساڵیش بەهەمان شێوە لە پلان و بەرنامەى پارێزگادایە گرنگە زیاتر بە عەنکاوە و سەرجەم قەزا و ناحییەکانى ترى سنوورى پارێزگاى هەولێر بدرێت بە تایبەتى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ كه‌مترین ده‌ستى خزمه‌تگوزارییان پێگه‌یشتووه‌ یان له‌ ڕابردوودا نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تیان بكرێت.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە کێشە و گیروگرفتە ئیدارەییەکانى قەزاکە و پێداویستیەکانیان لە ڕوویی کارگێری و دارایی و پەرەپێدانی دامەزراویی فەرمانگەکان و ھەماھەنگی و بەردەوامی و پاڵپشتی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاى هەولێر کرا بۆ زیاتر خزمەتکردنى ھاووڵاتیانی سنورەکە بەگشتیى.