نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ 40 سەرۆک دەوڵەت و حکومەتدا بەشداریی کۆنفرانسی میونشن دەکات

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ 40 سەرۆک دەوڵەت و حکومەتدا بەشداریی کۆنفرانسی میونشن دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ 40 سەرۆک دەوڵەت و حکومەتدا بەشداریی 59 مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات.

كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 17 ئەم مانگە دەستپێدەكات و تاوەکو 19ـی مانگ بەردەوام دەبێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان-یش بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكات. هاوکات 40 سەرۆك وڵات و سەرۆكوەزیر بەشداری دەکەن، هەروەها 100 وەزیری بەرگری، دەرەوە و ناوخۆ ئامادە دەبن. جگە لەوانەش دەیان كەسایەتیی بەناوبانگی جیهان و شارەزایانی بواری تیرۆر و ئاسایش بەشدارن.

سەرۆكی فەرەنسا، سكرتێری ناتۆ، سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، شاندێكی ئەمریكا كە زۆرینەیان ئەندامی كۆنگرێس-ن، شاندێكی باڵای ئۆكراینا، چەندین شاندی وڵاتانی جیهان، رێكخراو و ناوەندە ستراتیژی و سیاسییەكانی جیهان بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن.

نوێنەری وڵاتانی رووسیا و ئێران بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا ناکەن، لەوبارەیەوە كریستوف هیوسگن، سەرۆكی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن راگەیاند، "رووسیا جێگەی لێرە نییە، چونكە روسیا بە تاوانی جەنگ ناسێندراوە." هەروەها گوتی: ئەم جارە ئێرانیش بەشدار نابێت، لەبەرئەوەی "مافی مرۆڤی پێشێلكردووە و لەبری شاندی ئێران، چەند كەسایەتییەكی ئۆپۆزیسیۆن لە كۆنفرانسەكە بەشدار دەبن."

لەبارەی کۆنفرانسەکەوە، د. کریستۆف هیوسگن، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گوتی: نزیکەی 150 سەرۆکی دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەت لە کۆنفرانسی ئەمساڵ دا بەشدار دەبن. "ئێمە ئێستا نزیکەی 150 سەرۆکی دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەتمان هەیە، لەنێویاندا زیاتر لە 40 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت، لەوانەش جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆکی پۆڵەندا، هەروەها سکرتێری گشتی و بەرپرسە پلە باڵاکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەکێتیی ئەوروپا و IWF. هەروەها وەزیری ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتە جیاوازەکان بانگهێشت کراون. هەروەها دەتوانم بڵێم نیوەی کابینەی حکومەتی ئەڵمانیا ئامادەن و لە کەسایەتییە گرنگەکانی دیکە وەک بیل گەیتس، جۆرج سۆرۆس سەرەڕای تەمەنی زۆری بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا دەکەن."

سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاماژەی بەوەکرد، کۆنفرانسی ئەمساڵ لەکاتێکدا دەستپێدەکات کە نزیکە لە ساڵیادی لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. ئەم کۆنفراسی ئاسایشە بێگومان دەبێتە دەستپێکێک بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بکەین تاوەکو بزانین ئێمە لە کوێدا وەستاوین، سەبارەت بەوەی کە من پێی دەڵێم پێشێلکردنی شارستانی کە لەلایەن ڤلادیمێر پووتینەوە کراوە. لە کوێدا وەستاوین لە بەرگریکردن لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای رێساکان.