پارێزگارى هەولێر: "چەند کەموکوڕییەک هەیە لە شاری هەولێر کە لە کاتی بارانبارینی زۆر، ئاوێکی زۆر تێیدا پەنگدەخواتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەریان دەکەین"

پارێزگارى هەولێر:

پارێزگارى هەولێر:
"چەند کەموکوڕییەک هەیە لە شاری هەولێر کە لە کاتی بارانبارینی زۆر، ئاوێکی زۆر تێیدا پەنگدەخواتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەریان دەکەین"

ئەمشەو سێشەممە 2024.4.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرجەم ئەو شوێن و شەقامانەی بەسەرکردەوە کە بەهۆی دابارینی 37.5 ملم باران لە کاتێکی کەمدا دووچاری پەنگخواردنەوەی ئاو و ئاستەنگی هاتووچۆ هاتن.

پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری سەرۆکی شارەوانی، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان کرد، دەستخۆشى لە سەرجەم تیمەکانى ( بەرگری شارستانی، شارەوانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، ناوەندی قەیرانەکان، ئاوەڕۆکان) کرد بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، هەروەها سوپاسى هاوڵاتییانى کرد کە هاوکار و هەماهەنگى تیمەکان بوونە.

لەوبارەیەشەوە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە شاری هەولێر باریوە و لە چەند ناوچەیەکی هەولێر ئاو هەڵساوە، بەڵام هیچ مەترسییەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست نەبووە بەهۆی ئامادەباشی و بەدەمەوەچوونی تیمەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند کەموکوڕییەک هەیە لە شاری هەولێر کە لە کاتی بارانبارینی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا، ئاوێکی زۆر پەنگدەخواتەوە و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت، بەتایبەتی لە بازاڕی تەیراوە، سەیداوە، نزیک کەمالیاتەکانی سەر شەقامی شەست مەتری و گڵکەند و شەقامی 100 مەتری نزیک فاملی مۆڵ، لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەک ئەنجام دەدەن بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری ئەو کێشەیە.

پارێزگاری هەولێر، گوتیشی: "تیمەکان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان بۆ بەدەمەوەچوونی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و هەر ئەمشەو تیمەکانی شارەوانی دەست بە پاککردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان دەکەن کە سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە".

لەبارەی گیان لەدەستدانی کەسێکیش لە ناحیەی کۆڕێ، پارێزگاری هەولێر رەتیکردەوە کە ئەو ڕووداوە بەهۆی لافاوەوە بووبێت و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک بووە کە ژن و پیاوێکی تێدابووە، دوای رزگارکردنی هەردووکیان لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، پیاوەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.