نرخی نه‌وت دابه‌زی

نرخی نه‌وت دابه‌زی

نرخی نەوت لە دەستپێكی مامەڵەکانی بۆرسەی ئاسیادا دابەزی و هەر بەرمیلێک زیاتر لە دۆلارێکی لەدەستدا، هۆکارەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی داتاکانی پیشەسازی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە کە ئاشکرای کردبوو زیادەیەکی زۆری لە نەوتی عەمبارکراودا تۆمارکردووە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ 84.92 دۆلار دابەزی و بە هەمان شێوە نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بۆ 78.42 دۆلار دابەزی.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی داتاکانی پەیمانگەی پێترۆڵی ئەمریکا، نەوتی عەمبارکراوی ئەمەریکا تاوەکو کۆتایی هەفتەی رابردوو بە نزیکەی 10.5 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە.

هەروەها بەنزینی عەمبارکراو لە ئەمەریکا بە نزیکەی 846 هەزار بەرمیل لە هەفتەی رابردوودا کەمیکردووە.

هاوکات رێکخراوی ئۆپێکیش پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواستی جیهان بۆ نەوت لە ساڵی داهاتوودا بەرزکردەوە، هۆکارەکەشی بۆ کرانەوەی بازاڕەکانی چین دەگەڕێنێتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا رێکخراوی ئۆپێک ئاشکرای دەکات، لەمساڵدا خواست بۆ نەوت بۆ 2.32 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە واتە سەدا 2.3 بەرزدەبێتەوە.