سەنتەرى خانەنشینى ئافرەتانى هەولێر کرایەوە
ئەمڕۆ چوارەشەممە 2023.3.8، بەبۆنەى 8ى مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە ژێرچاودیرى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێرو بەئامادەبوونى موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پاریزگار و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای گەشەێدانی خانمان و قائیمقامى ناوەندى و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری هونەری هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسانى حکومى و حزبى و ژمارەیەک لە نوێنەرانى ڕێکخراوەکانى ئافرەتان و خانمان، سەنتەرى خانەنشینى ئافرەتان و (قاوهخانهى ئافرهتان) له نێو سەنتەری خانەنشینى هەولێر کرایەوە.
لەرێو رەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى 8ى مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان و کردنەوەى ئەم سەنتەرە، جەختى لەوەکردەوە وەک پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتى ئەو پرۆژەیەن و هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەر بۆ هاریکارى و یارمەتیدانى ئەو سەنتەرى خانمان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتیان بکەین و گوتى: "ئەم پڕۆژەیە بۆئەوەى زیاتر خزمەتى ئافرەتانى خانەنشین بکەین، و بە ناوى پارێزگاى هەولێریش سوپاس و پێزانى زۆرمان بۆ دەزگاى خێرخوازى بارزانى کە ئەم بیرۆکەیەمان هەبوو و ئەوان دەستپێشخەربوون لە ئەنجامدانى".
راشیگەیاند: "وەکو پارێزگاى هەولێر، وێڕاى پشتیوانیمان لە سەنتەرى خانەشینى ئافرەتان و پیاوان، بەڵنیان پێدەدەین بەبەردەوامى لەگەڵیاندا دەبین و هاوکاریان دەبین". پاشان دەستکرا بە دابەشکردنى خەڵاتى ڕێزلێنان بەسەر هەموو ئەوانەى کە رۆلیان هەبوو لە دروستکردن و دامەزراندنى ئەم سەنتەرە".
جیگهى باسه، پڕۆژەى سەنتەری خانەنشینی بۆ خانمان لە سەر بودجەى دەزگای خێرخوازی بارزانی بەبڕى (98 ملیۆن دینار) لە پاڵ پرۆژە ستراتیژییە گرینگەکانی لە باخی شاری هەولێر دەست بەدروستکرنى کراوە، تاکو ئێستا تەنیا پیاوانی خانەنشین مافی ئەندامیەتی یان هەبوو لەوسەنتەرە و دەیانتوانى سەردانی سەنتەرەکە بکەن، بەڵام لە دواى دروستکردن و کردنەوەى ئەم سەنتەرە، ئافرەتانیش دەتوانن فۆرمی ئەندامێتی پڕ بكەنەوە و لە بەشی خانمانی خانەنشین ببن بە ئەندام.