گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و ئێوارەکەی بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. گوتیشی: "سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با لە نێوان 5 بۆ 15 کلیۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا".
هەر ئەمڕۆ شەممە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی رایگهیاندووه "لە رۆژی چوارشەممەوه شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی سەرانسەری دەگرێتەوه بە دوو قۆناخ. قۆناخی یەکەم چوارشەممە تاوەکو هەینی بەردەوام دەبێت و قۆناخی دووەمیش نیوەڕۆی شەممە تاوەکو دووشەممەیە و ناوبەناو و بەهاری دەبێت".
بە گوتەی محەممەد کەمال، شەپۆلەکە لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی گەرمیان کاریگەی زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکەن لە 26 بۆ 70 ملیمەتر باران ببارێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە باشووری کوردستان بەمشیوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 23
- سلێمانی؛ 21
- دهۆک؛ 23
- کەرکووک؛ 25
- هەڵەبجە؛ 23
- زاخۆ؛ 23
- سۆران؛ 21
- گەرمیان؛ 26