پارێزگاری هەولێر: "خزمەتكردنی هاوڵاتییان لەئەولەویەتی كارەكانمانە"

پارێزگاری هەولێر:


ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.3.30، بەمەبەستى خزمەتکردنى زیاتر هاوڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و هەماهەنگى نێوان حزب و حکومەت، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقى2 پارتى و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانى فەرمانگە کارگێڕی و ئیداریی و خزمەتگوزارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و بەرپرسانی ناوچە و ئۆرگانەکانی سنووری لقی2ى پارتى و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی بەرپرس و ئەندام و کارگێرانى لقى2ى کرد کە لە ماوەی ڕابردوو هاوکار و هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بوونە، هەروەها تەئکیدی لە هەماهەنگی زیاتر كردەوە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان و ڕایگەیاند: "خەڵكی هەولێر شایستەی ئەوەن باشترین خزمەتگوزاریان پێشکەش بکرێت".

جەختیشى لەوەکردەوە کە خزمەتكردنی هاوڵاتییان لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان لە ئەولەویەتی كارەكانمانە و بەمنزیکانەش بەبێ جیاوازی و بەیەکسانی لە ناوەندى قەزا و گوند و ناحییەکان دەست دەکەینەوە بەپڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و گەیاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان، لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند: "دەمانەوێت دڵنیایی بدەینە سەرجەم دانیشتوانی سنووری پارێزگاکەمان، ئامانجی ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خزمەتکردن و گەیاندنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە کەمترین دەستی خزمەتکردنیان پێگەیشتووە".