پارێزگاری هەولێر: "لەچەند ڕۆژی داهاتوودا خانەیەکی سەردەمیانە و مودێرن لە شاری هەولێر بۆ خزمەتکردنی بەساڵاچووان دەکرێتەوە"

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر: "لەچەند ڕۆژی داهاتوودا خانەیەکی سەردەمیانە و مودێرن لە شاری هەولێر بۆ خزمەتکردنی بەساڵاچووان دەکرێتەوە"

هەینی 2023.4.21، بەمەبەستى پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیان و ڕەوشی تەندروستیان و دابینکردنى پێداویستییەکانیان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى خانەی بە ساڵاچووانى هەولێرى کرد و لەخوانی نیوەڕۆ لەگەڵیان بوو.

لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەست خۆشی لە بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و چاودێرانی خانەکە، لە جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانییان، لەئاسودەیی بەساڵاچووان و کەم و کوڕیی و ڕەوشی تەندروستی و پێداویستییەکانی کۆڵییەوە و مژدەی ئەوەی ڕاگەیاند کە لەچەند ڕۆژی داهاتوو خانەیەکی سەردەمیانە و مودێرن لەشاری هەولێر بۆ خزمەتکردنی بەساڵاچووان دەکرێتەوە، کە لەتوانای داهەیە ژمارەیەکی زۆری بەساڵاچووان لەخۆ بگرێت.

ڕاشیگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر گرنگیەکى تایبەت بە خانەی بەساڵاچووان و خانەى نەوجەوانانی کوڕان و کچانی هەولێر دەدەین و لە نزیکەوە چاودێریان دەکەین، ئەوانە کەس و کاری ئێمەن و ئەرکی سەرشانمانە خزمەتیان بکەین و لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و ڕەوشی تەندروستیان بین و پێداویستییەکانیان دابین بکەین".

جێگەی باسە، هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری خانەی نەوجەوانانی کوڕان و کچانی هەولێر و بەڕێوەبەرى EJCC/ پارێزگای هەولێر، یاوەری پارێزگارى هەولێر بوون.